تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق راگەیاند، سەردانی جێگری فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە ھاوبەشەکان و سەرۆک ئەرکانی سوپا بۆ شەنگال گرنگ بووە، جەختیانکردۆتەوە لە سەپاندنی ئاسایشی و ئارامی لە قەزای شەنگال.

جەختیشی کردەوە، رەوشی شەنگال ئارامە و ھیچ دیاردەیەکی چەکداری لە قەزاکەدا نییە و تەنیا پۆلیسی ناوخۆیی و سوپا لە ناوچەکە بوونیان ھەیە.

لە بەرامبەردا فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال"یەبەشە"رایگەیەند، خۆپاراستن دەکەنە بنەما بەرامبەر ھەموو جۆرە ھێرشێک، ھەرچییەک پێویست بێت دەیکەن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل، ھەروەھا گفتوگۆ و دیالۆگ دەکەنە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان، دژی سوپای عێراق نین، بەڵکو دژی سیاسەتی لەناوبردن و بەکارھێنانی سوپان بۆ بەرژەوەندیی ھەندێک لایەنی ناوخۆیی و دەرەکیی.

ھەروەھا ھێزەکانی"یەبەشە"لەبارەی زیانەکان رایگەیاندووە، لەشەڕ و پێکدادانەکانی چەند ڕۆژی رابردوودا شەڕڤانێکیان شەھیدبووە و سێ کەسیش برینداربوون، کە یەکێکیان ھاووڵاتی بووە.

لای خۆشییەوە حسێن کەلاری، بەرێوەبەری گشتی ناوەندی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخوی ھەرێم دەڵێت، بەھۆی ئاڵۆزییەکان لە قەزای شەنگال، ٧٠١ خێزان ئاوارەبوون و لە کامپەکانی سنوری پارێزگای دھۆک نیشتەجێکراون.