ئەردۆغان لە پەیامێکیدا بڵاویکردەوە، نزیکەی ٥٠٠ ھەزار پەنابەری سوری گەڕاونەتەوە ناوچە ئارامەکانی وڵاتەکەیان کە لەلایەن تورکیاوە رێخۆشکەرییان بۆ کراوە، ئەوەش دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانیان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە سوریا. 

وتیشی، تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ پڕۆژەیەکی نوێ، کە لەڕێیەوە یەک ملیۆن پەنابەری سوریا کە لە خاکی تورکیان بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان. 

"ئەردۆغان" رایگەیاند، ئەوان تەنھا دەرگایان نەکردۆتەوە بۆ رزگارکردنی ژیانی قوربانیان، بەڵکو ھەوڵی تەواویش دەدەن بۆ ئەوەی بیانگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان. 

گروپە چەکداراەکانی سەر بە تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بە پاڵپشتی سوپای تورکیا دەستیان بەسەر عەفرین و دواتر سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای کوردستان گرتووە، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ لەو ناوچانە پێشێلکاری گەورە بەرامبەر دانیشتوانی کورد دەکرێت.

بە پێی ئامارێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی سووریا، لە ساڵی ٢٠١٨ و لە کاتی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیا تا ئێستا ٧ ھەزار و ٥٠٠ کەس رفێندراون و ٦٣٩ کەسیش کوژراون، ھەروەھا ھەزار و ٣٠٠ ھاووڵاتیش زیندانیکراون.