کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی جاڕنامەی جیھانی مافەکانی مرۆڤ، کە لە ساڵی ١٩٤٨ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە، لە مانگی ١٢ی ١٩٩٣، ڕۆژی ٣ ی ئایاری ھەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیھانیی بۆ ئازادیی ڕۆژنامەگەریی دیاریکرد، لە ئێستاشدا لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا ئازادیی ڕادەربڕین یەکێکە لە مافە بنچینەیەکانی مرۆڤ، ھەموو کەسێک مافی ئازادیی بیرکردنەوە و ڕادەربڕینی ھەیە.

ھاوکات، لە ھەرێمی کوردستانیش لە ساڵی ٢٠١٣ لە پەرلەمان یاسای ژمارە ١١ی مافی بەدەستھێنانی زانیاریی بۆ ڕۆژنامەنووسان پەسەندکرد، بەڵام تا ئێستا چەند ڕۆژنامەنووس لە ھەرێمی کوردستان دەستگیرکران و یاسای پاراستنی ڕۆژنامەنووسان وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە.

ھەروەھا ماوەی دوو ساڵ زیاترە، ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان دەستگیرکراون و تا ئێستا بە بێ دادگایی لە زیندان ھێڵراونەتەوە، ڕێگەش نادەن پارێزەر و کەسوکاریان ببینن.