وەزارەتی کشتوکاڵ چەند رێکارێک بۆ رێگریکردن لە تای خوێنبەربوون دەگرێتەبەر
کوردسات نیوز
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢
لە پێناو رێگریکردن لە بلاوبونەوەی نەخۆشی تای خوێن بەربوون لە ھەرێمی کوردستان ، کە ئێستا لە ھەندێ لە پارێزگاکانی عێراقی فیدراڵ بلاوبوەتەوە ،بریارماندا بە وەرگرتنی ئەم رێکارانەی خوارەوە :
یەکەم/ پێویستە سەربڕین لە سەربڕخانە رەسمییەکان بێت و بەپشکنین و مۆری رەسمی ڤێتێرنەری بچێتە بازاڕ و سەربڕین لە سەر رێگاکان و لاکۆڵانەکان قەدەغە بکرێت .
دووەم/ پشکنینی ئاژەڵەکان پێش سەربڕین و دوای سەربڕین بەمەبەستی دڵینابوون لە تەندروستی ئاژەڵەکە ئەنجام بدرێت .
سێیەم/پێویستە رێککارە تەندروستیەکان بۆ پۆشینی جلوبەرگی تایبەتمەند و کەلوپەلی سەربڕین لەسەربڕخانەکاندا رەچاوبکرێت .
چوارەم/کەرەنتیەنەکانی ئاژەڵی لە مەرز و فرۆکەخانەکاندا پێویستە پشکنینی وورد بۆ ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو ھەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی دڵنیابوون لە تەندروستی ئاژەڵەکان .
پێنجەم/ وەزارەتمان رێککاری پێویست دەگرێتە بەر بۆ مەبەستی دابینکردنی دەرمانی شووشتنی ئاژەڵ بۆ لەناوبردنی مشەخۆری دەرەکی (قڕنە) کە ھۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشی تای خوێن بەربوونە، لە نێوان ئاژەڵەکان و ئەم ھەلمەتە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت .
شەشەم/ کۆنتڕۆڵکردنی دیاردەی ھێنانی ئاژەڵ بەشێوەی نافەرمی لە سنورەکانی دەرەوە و نێوان ھەرێم و عێراقی فیدراڵ، ھەروەھا رێگەگرتن لە ھێنانی ئاژەڵ لەو پارێزگایانەی کە نەخۆشی تای خوێن بەربوونی تێدا بلاوبوەتەوە.
راگەیاندنی وەزارەتی
کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو