رێژەن بورھان بەرێوبەری ھاتوچۆی دەربەندیخان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات ١٢:٣٠ ئەمڕۆ لە نزیک دەروازەی تونێلی دەربەندیخان بارھەڵگرێکی سوتەمەنی وەرگەڕا سوتەمەنییەکەی رژاوە و دواتر چووەتە ناو تۆنێلەکەوە گڕیگرتووە و بەھۆیەوە ئەو ئۆتۆمبێلانەی چواردەوری ئاگریان گرتووە و تەنھا توانراوە شۆفێر و سەرنشینەکانی رزگار بکرێن.

وتیشی، ئەو تۆتۆمبێلانەی گڕیان گرتووە شەش ئۆتۆمبێلن، چواریان بارھەڵگرن، بەھۆی بوونی دوکەڵێکی زۆر تیمەکانمان ناتوانن بچنە ناو تۆنێلەکەوە، بەڵام ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھاوڵاتیان و شۆفێران بۆ ھاتوچۆکردن بۆ سلێمانی و دەربەندیدخان و گەرمیان دەتوانن رێگەی شاخی بەرانان بەکاربھێنن.

سلێمان سەعید قائیمقامی دەربەندیخانیش بۆ کوردسات نیوز وتی، سەرجم تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی لە زوترین کاتدا گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و توانرا کۆنتڕۆڵی رەوشەکە بکرێت.

وتیشی، زۆری ئەو رووداوانە دەگەڕێتەوە بۆ خراپی رێگەوبانەکان و پابەندنەبوونی شۆفێرانە بە یاسا و رێنماییەکانی ھاتوچۆوە.

سازان ئیبراھیم بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ھیچ زیانێکی گیانی بەھۆی رووداوەکەوە نەبووە و تەنھا یەک بریندار، کە ئەویش شۆفێری ئەو بارھەڵگرەیە گڕیگرت گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستی بۆ کراوە.

تەندروستی سلێمانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی رووداوەی ئاگرکەوتنەوەکەی تونێلی دەربەندیخان چوار کەس بریندار بوون و رەوشی تەندروستی بریندارەکان جێگیرە و چارسەری پیویستیان بۆ کراوە.