زانیاری نوێ لەبارەی ئاگرەکەی تونێلی دەربەندیخان
کوردسات نیوز
٢٨ی نیسانی ٢٠٢٢
بەڕێوەبەری ھاتووچۆی دەربەندیخان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: بەھۆی گڕگرتنی تانکەرێکەوە لە تونێلی دەربەندیخان ڕێگەی گەرمیان - سلێمانی داخرا و چەندین ئوتومبێل لە ناوەوە و دەرەوەی تونێلەکە ئاگریان گرتووە و ئاستەنگی ھاتووچۆ دروست بووە.
وتیشی، لە ئیستاشدا، شۆفێرانیش دەتوانن تونێلی خوار بەنداو یاخود ڕێگەی شاخی بەرانان بەکاربێنن.
سلێمان سەعید قایمقامی دەربەندیخان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دووبارە ئاگر لەتونێلەکە کەوتەوە و ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و چوار تانکەری ھەڵگری سوتەمەنی ئاگریان گرتووە و بەپێی زانیارییەک تائێستا ٤ کەس بریندار بوون.
بە فەرمانی لیوا چەتۆ ساڵح بریکاری وەزارەتی ناوخۆش سەرجەم تیمەکانی بەرگری شارستانی سلێمانی و تیمی فڕۆکەوانی نێردراون بۆ دەربەندیخان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.