ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆدەبێتەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمرۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەرێوەدەچێت و بە گوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە تاوتوێی چەند پرسێک دەکرێت لەوانە خستنەڕووی پوختەی سەردانی وەفدی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەریتانیا و کۆبـوونەوەی لەگەڵ بەرپرسـانی باڵای ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسایەک لە بارەی (دەستەی متمانەبەخشـی بە دامەزراوەکـان و پڕۆگرامەکـانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان-عێراق) گفتوگۆکردن لە بارەیەوە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە قسەکردن لە بارەی بارودۆخی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان و پێشنیازەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ باشترکردنی کارەبا بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی ھاویندا.