کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی لە بارەی گیانلەدەستدانی سزادراوێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردوە
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢
دەقی ڕونکردنەوەکە ......
ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕای گشتی
ڕۆژی ھەینی رێکەوتی ٧-١–٢٠٢٢ ، لە چاکسازی گەورانی سلێمانی لە ڕووداوێک ئاگادارکراینەوە کە تایبەت بوو بە گیانلەدەستدانی سزادراوێک بە ناوی ( ھەرێم محمد مستەفا). دەستبەجێ بەرێز خاتوو (کوێستان محمد) وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستی کرد بە بەدواداچوون لە کەیسەکە و ڕۆژی دواتر سەردانی چاکسازی گەورانی سلێمانی کرد و لیژنەیەکی لەسەر ئاستی باڵا پێکھێنا.
لیژنەکە بە سەرپەرشتی ئەندامێکی داواکاری گشتی دەستی بە کارەکانی کرد و و پاشان ئەندامێکی تری داواکاری گشتی لە ھەولێرەوە ئامادەی ئەنجامدانی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوەکەبوو. لیژنەی لێکۆڵینەوەی ناوبراو بە پێی ( یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی ژمارە (١٤)ی ساڵی ١٩٩١ دەستی بەکارەکانی کرد و ماوەی چەند ڕۆژێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی مانەوە و وتەی سەرجەم ئەو کەسانەی کە پەیوەندیان بە کەیسەکەوە ھەبووە نووسراوە و سەرجەم بەڵگە ڤیدۆیی ناو مەحجەرەکە و ئەو شوێنانەی کە کامێرای لێدانراوە و ئەو کەرەستانەی کە پەیوەندیان بە ڕووداوەکەوە ھەبوە کۆکردۆتەوە، سەرەڕای وەرگرتنی ووتە و ڕوونکردنەوەی نوێنەری بەڵگەی تاوان و پزیشکی دادی و ڕاپۆرتی پزیشکی داد. وەھەروەھا ڕۆژی دوای ڕوداوەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی تاسلوجە سەرجەم تۆمارەکانی بردوە و ھیچ ڕێگریەک نەکراوە لە بردنی تۆمارەکان.
ئێمە لە وەزارەت، تەنھا دەسەڵاتی ئەوەمان ھەیە ئەو ڕێکارانە بگرینەبەر کە بە پێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەرانی دەوڵەت بۆمان دیاریکراوە کە بە پێی ماددەی (٢) ی یاساکە حکومەکانی جێبەجێدەکرێت بەسەر فەرمانبەراندا. وە بە پێی یاساکە لیژنە تەنھا دەتوانێت بە پێی ماددە (٨) ی یاسای ئاماژەپێکراو سزای فەرمانبەر بدات.
لە ئێستادا ئەم کەیسە لەبەردەم دادگای تایبەتمەندە و لێکۆڵینەوە لەسەری بەردەوامە و ئێمەش وەکو وەزارەت چاوەڕێی بریاری دادگاین ئەوەی بکەوێتە سەر ئەستۆی ھەر فەرمانبەرێکمان وەک خۆی جێبەجێی دەکەین.
لە کاتی تەواوبونی پەراوی دادگا وەزارەتمان تەواوی زانیاریەکان بۆ ھاولاتیان دەخاتە ڕوو و لە کۆتایدا داوای یاسایی لەسەر ھەموو ئەو کەس و لایەن و کەناڵانە تۆمار ئەکەین کە ناو و نازناوی وەزارەتمان ناشرین ئەکەن.
راگەیاندنی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەلایەتی