قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ باڵیۆز ستیڤ ڤەیگن هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کۆبونەوە.
قوباد تاڵەبانی لە پەیامێکیدا رایگەیاند، خۆشحاڵە بەوەی باڵیۆز ستیڤ ڤەیگن جارێکیتر و بە ئەرکێکی نوێ گەڕاوەتەوە بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەمڕۆ پێکەوە گفتوگۆیەکی بەرهەمداریان کردوە لەبارەی رەوشی هەرێمی کوردستان و عیراق.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکردوە؛ لە کۆبونەوەکەدا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی خێرای ناکۆکییەکان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و پاراستنی هەرێم لە هەر چەشنە هەڕەشە و مەترسییەک، کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە رووبەڕویان ببێتەوە.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، جەختیان كردەوە لە پشتگیریكردنی هەنگاوەكانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چەسپاندنی سەروەریی یاسا و دوورخستنەوەی وڵاتەكە لە بارگرژییەكانی ناوچەكە.