ئەو ئەندامانەی پەرلەمانەی کوردستان کە ژمارەیان ٣٥ ئەندامی پەرلەمانن لە داواکارییەکدا کە پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە دەڵێن، " ئێمە ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، کە لە ئیمزامان کردووە پێشنیازە یاسای (ھەمواری ھەشتەمی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عێراق) پێشکەش دەکەین، بە مەبەستی خستنە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.

دوێنێش سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دیدارێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، یەکێک لە کێشە جەوھەرییەکان ئەوەیە بەشێک لە فراکسیۆنەکان دەیانەوێت سیستمی ھەڵبژاردن بگۆڕێت  لە ساڵی ٢٠٢١ پێشنیازە یاسایان بۆ فرەکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن پێگەشتووە. 

شیروان زرار وتەبێژی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستانیش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆمیسیۆن لایەنی جێبەجێکارە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، بەڵام بەھۆی تەواوبونی ماوەی یاسایی کۆمیسیۆنەکە تائێستا سێ جار نوسراویان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کردوە، تا یەکی نیسان بگەنە رێکەوتن، لەسەر کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و ھەموارکردنەوەی یاسای ھەڵبژاردن.

ھەمواری یاساکە لە ٢٦ ماددە پێکھاتووە، لە ماددەی دووەمدا ھاتووە، ھەرێمی کوردستان بەسەر ٤ بازنەی ھەڵبژاردن دابەشدەکرێت لەسەر بنەمای ھەر پارێزگایەک بازنەیەکی ھەڵبژاردن دەبێت، کە بازنەی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و بازنەی ھەڵەبجە.

ھەروەھا دابەشکردنی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان بەسەر بازنەکانی ھەڵبژاردندا بە گوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ھەر پارێزگایەک دەبێت، بە پێی دوا دابەشکاری ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ساڵی ٢٠٢١، دەبێت ئەژمارەی دەنگەکانیش لە بازنەکانی ھەڵبژاردندا بە شێوەی رێژەیی بکرێت و پاشماوەکەیان بۆ بەھێزترین پاشماوەکان بێت.