پۆلیسی سلێمانی باندێکی بەکارھێنەر و بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەر دەستگیردەکات
کوردسات نیوز
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٢
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پاش بەدواداچونەکانی بنکەی پۆلیسی وارماوا بۆ دەستگیرکردنی کەسانی لەیاسا دەرچوو، پاڵپشت بەزانیارییەکانی ھێزەکانی پۆلیس و بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی توانرا لەچەند چالاکییەکی جیادا نۆ کەس بەتۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەر دەستگیربکرێن .
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکردووە، سەرجەم تۆمەتباران بەناسنامە کوردن و لە رەگەزی نێر و مێن و توانراوە لە ناحیەی عەربەت و گەڕەکەکانی ھووانە، کانی کوردە و سەرچنار لەشاری سلێمانی دەستگیربکرێن و بەشێک لەوتۆمەتبارانە لەکاتی بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەردا دەستگیرکراوان .
راشیگەیاندووە، لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٢٦ و ٣٠ یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەرەکان وکارتێکەرە عەقڵییەکان ڕاگیراون و لەکاتی دەستگیرکرنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێک مادەی ھۆشبەر لە جۆرەکانی ھیرۆین، دەرزی ھیرۆین و شیشە و کەلوپەلی بەکارھێنانی مادەکان و بەشێک لە تۆمەتبارەکانیش پێشینەی تاوانی دزیکردن و بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەریان ھەبوە و پێشتر سزادراون .



