منداڵێکی ٤ ساڵان لە ھەولێر ٢٠ ڕۆژە جێھێڵدراوە
کوردسات نیوز
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٢
منداڵەکە ناوی "ھەناسە ڕێبازە" و لە ڕێکەوتی ٧ی ئەم مانگە (ئازار)، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ھەولێر دۆزراوەتەوە و لەئێستادا لە خانەی نەوجەوانانی ھەولێرە و کەیسەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ھەولێر دەڵێت ٢٠ ڕۆژ پێش ئێستا لەلایەن ھەواڵدەرێکەوە ئاگادار کراونەتەوە کەوا منداڵێک لەلای نەخۆشخانەی مەلافەندی لە گەرەکی باداوەی شاری ھەولێر جێھێڵدراوە و کەس و کاری دیار نیە.
دەشڵێت "دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەرکەوت کەوا منداڵەکە لەھەمان شوێن جێھێڵدراوە و تەمەنی لە نێوان (٣ بۆ ٤) ساڵە و بە گوتەی خۆی ناوی ( ھەناسە رێباز)ە."
تاوەکو ئێستا کەسوکاری ھەناسە سۆراخی منداڵەکەیان نەکردووە و کەسیش بەدواداچوونی بۆ نەکردووە، "بۆیە لەسەر فەرمانی دادوەر بڕیاردرا بە بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی لە کەناڵ و پەیجە فەرمیەکانی سەر بە حکومەت."
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ھەولێر داوا دەکات "ھەرکەسێک زانیاری ھەیە دەربارەی ناونیشانی کەس و کاری ( ھەناسە) پەیوەندیمان پێوە بکات لە رێگای ھێڵی گەرمی ژمارە ( ١١٩)ی بەڕێوەبەرایەتیمان یاخود لە رێگام ئەم پەیجەوە [پەیجی "بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە ھەولێر"]، بۆ ئەوەی بتوانین بە کەس و کاری شاد بکەینەوە یاخود چارەسەرێکی یاسایی بۆ کێشەکەی بکرێت."