رێواز فایەق: گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت
کوردسات نیوز
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٢
رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە دیداری تایبەت بە بەربەستەکانی بەردەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ھەولێر رایگەیاند، گرنگە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەگەر کۆمسیۆن ھەبووایە ئامادەکاری بۆ پڕۆسەکە دەستی پێدەکرد بەڵام کۆمسیۆن بوونی نییە و بەشێک لە فراکسیۆنەکانیش لەگەڵ گۆڕینی سیستمی ھەڵبژاردندان.
ئاشکراشیکرد، یەکێک لە کێشە جەوھەرییەکان ئەوەیە بەشێک لە فراکسیۆنەکان دەیانەوێت سیستمی ھەڵبژاردن بگۆڕێت لە ساڵی ٢٠٢١ پێشنیازە یاسایان بۆ فرەکردنی بازنەکانی ھەڵبژاردن پێگەشتووە.
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند، پەرلەمانی کوردستان لە نێوان دوو تێڕوانیندایە، ھەندێک دەڵێن کۆمسیۆن کارا بکرێتەوە پاشان دەست بۆ یاسای ھەڵبژاردن ببرێت، ھەندێکیش روئیایان پێچەوانەیە و ھەندێک لە فراکسیۆنەکانیش لەگەڵ ئەوەدان یاسای ھەڵبژاردن بکرێت بە فرە بازنەیی.