زیندانیکراوانی شیلادزێ: لە ژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانەکانمان تۆمار کراوە
کوردسات نیوز
٢٧ی ئازاری ٢٠٢٢
زیندانیکراوانی بادینان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیان کردوە بەوەی، دوای تێپەربوونی زیاتر لە ساڵێک لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەلکی شێلادزێن ماوەی ھەفتەیەکە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردوە و دۆخیان باش نیە و لە چەند خاڵێکدا روونکردنەوەیەک بۆ رایگشتی دەدەن.
دووپاتیان کردوەتەوە، لە سەرەتای رفاندنیان لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجە دراون و لە ژێر ھەڕەشە و ئەشکەنجەدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردون و ڤیدیۆ کراون و بڵاویش دەکرێنەوە.
زیندانیکراوان ئەوەشیان ئاشکرا کردوە، کە جگە لەوەی رێگەیان پێنادەن پارێزەری خۆیان ببینن، شەڕی دەرونییان لەگەڵ دەکەن و لە کاتی لێکوڵینەوەدا ھەموو وتە و قسەوەرگیراوەکانیان گۆڕاون و پێیان ئیمزا کردون، کە نەیانزانیوە چی نوسراوە، لە کاردانەوەی ئەوەشدا ماوەی ھەفتەیەکە مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندوە، ھەر بۆیە بۆ رای گشتی رادەگەیێنن و داواکارن لە نەتەوەیەکگرتوەکان و رێکخراوە ناوخۆیی و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و ھەموو خەڵکی کوردستان فریایان بکەون و بە زووترین کات رێگە بدەن چاویان بە پارێزەرەکانیان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنیان دیاری بکرێت.
ھەر لە روونکردنەوەکەدا ھاتوە، گەر دۆسیەکەیان یەکلایی نەکرێتەوە تا مردن بەردەوام دەبن لە مانگرتن و چەند ھێزێکی سیاسی ھەرێمیش بە بەرپرسیاری ژیان و تەندروستییان دەزانن.
ھەروەک نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یونامی لە نزیکەوە رەوشیان ببینن.
زیندانیکراوەکان ھەموویان خەڵکی شیلادزێن و ھەریەک لە( مەحمود ناجی ێدیق، کوڤان تاریق جبرائیل، یوسف شەریف ئیبراھیم، ئەمجەد یوسف موستەفا و نێچیرڤان بەدیع حاجی)ن.
دەقی روونکردنەوەکە...
بۆ/ ڕای گشتی
دوای تێپەربونی ساڵێک زیاتر لە رفاندنیان بە شێوازێکی ناشارستانی و نایاسایی، پێنج زیندانیانی بادینان کە خەلکی شێلادزێن ماوەی حەفتەیەکە دەستیان بە مانگرتن کردووە لە خواردن و دۆخیان باش نییە و رونکردنەوە و داواکاریان لە زیندانەوە بۆ رای گشتی دەخەینەروو:
یەکەم: لەسەرەتای رفاندنمان لە لایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە زۆر بە توندی ئەشکەنجدراوین و لەژێر ھەڕەشەو تەعزیبدا دانپێدانانیان لەسەر ھەندێک تاوان پێ کردوین و ڤیدیۆ کراوین و بڵاویشدەکەنەوە.
دووەم: جگە لەوەی رێگەمان پێ نادەن پارێزەری خۆمان ببینن، شەڕی دەرونیمان لەگەڵ دەکرێت.
سێیەم: لەکاتی لێکولینەوەدا گشت وتە و ئیفادەکانمان گۆڕدراون و پێیان ئیمزا کردوین کە نەمان زانیوە چی نوسراوە.
چوارەم: ماوەی حەفتەیێکە دەستمان بە مانگرتن کردوە لە خواردن.
لێرەوە بۆ رای گشتی رادەگەیێنین و داواکارین لە UN، رێکخراوە ناوخۆ و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ، میدیاکان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسیەکان و گشت خەلکی کوردستان فریامان کەون و دۆخمان زۆر خراپە و داواکارین:
یەکەم: بە زووترین کات رێگە بدەن چاومان بە پارێزەرەکانمان بکەوێت و رۆژی دادگاییکردنمان دیاری بکرێت.
دوەم: نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان و یونامی بێن لە نێزیکەوە سەیری دۆخەکەمان بکەن.
ناو و رۆژی رفاندنی کچالاکوانە دەستگیرکراوەکان کە تا ئێستا دادگایی نەکراون
مەحمود ناجی ێدیق (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠کادری گوران
کوڤان گارق جبرائیل (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
یوسف شەریف ئیبراھیم (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ٩/١٢/٢٠٢٠
ئەمجەد یوسف موستەفا (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠کادری یێکێتی نیشتیمانی کوردستان
نێچیرڤان بەدیع حاجی (چاڵاکڤان) .. شێلادزێ ١٤/١٢/٢٠٢٠کادری نەوەی نوێ
بۆ مێژوو و ڕای گشتی تەحەدا دەکەین زیندانیانی شێلادزێ و بادینان یەک تاوانیا نیە و ئەگەر یاسا سەروەرە بێت، دەبێت ئازادبکرێین تەنیا تاوانیان رەخنە و بیرورای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتێکی مەدەنی بوە، بویە تکایە زیاتر سومعەی ھەرێمەکەمان ناشیریتر مەکەن و دەستبەجێ ئازادیان بکەن .
تێبینی: زیندانیانی بادینان پێیان وتین ئەگەر کەیسەکەمان یەکلایی نەکرێت تا مردن لە مانگرتن بەردەوام دەبین.
زیندانیانی بادینان
٢٧ی ٣ی ٢٠٢٢