لە ١٠ ڕۆژدا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار گەشتیار ڕوویان لە ھەولێر کردووە
٢٦ی ئازاری ٢٠٢٢
نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا سەرکەوتنی پلانی نەورۆزی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، لە سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز ٦ ڕووداوی ھاتووچۆ ڕوویانداوە و بەھۆیانەوە ٨ کەس برینداربوون و منداڵێکیش گیانی لە دەستدا.
لەو ماوەیەشدا ٢١ تاوان تۆمارکراوە کە ١٩یان ئاشکراکراوە و تۆمەتباران دەستگیرکراون، دوو تاوانیش لە ژێر لێکۆڵینەوە دایە.
نووسینگەی پارێزگاری ھەولێر ڕاشیگەیاند، لە سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز ٣ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە ھەبووە، جگە لە زیانی ماددی ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە. ھەروەھا لە ١٥ی ٣ تا ٢٥ی ٣ زیاتر لە سەد ھەزار گەشتیار سەردانی ھەولێریان کردووە.