ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە سەرۆکی فراکسیۆنەکان و قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی ھەرێم، نوێنەری وەزارەتی دارایی و بەڕێوەبەری بانکەکانی سلێمانی بۆ دابەشکردنی مووچە کۆبونەویەکی راوێژکاری ئەنجامدا، چەند راسپاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی مووچەی خانەنشینان خستەڕوو.

بەپێی راگەیەنراوێکی کۆبونەوەکە، بڕیاردار راسپاردەکان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی بکرێن، کە پێکھاتوون لە  جیاکردنەوەی مووچەی خانەنشینی سەربازی لەگەڵ خانەنشینی مەدەنی، ھەروەھا لەکاتی دانانی خشتەی مووچەدا ئەولەویەت بدرێت بە خانەنشینان لەناو ریزبەندی وەزارەتەکاندا، بنکەی دابەشکردنی مووچە بۆ بانکەکان، لەھەر شوێنێک پێویستبوو زیادبکرێت.

ھەروەھا لەکاتی دابەشکردنی مووچەی خانەنشیندا، بەپێی ژمارەی ناسنامەی خانەنشینی یان بەپێی پیتەکانی ئەلفوبێی ناوەکانیان بێت و شوێنی گونجاو شایستە دابین بکرێت بۆ خانەنشینان لەکاتی چاوەڕێ کردنیان بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.  

ھاوکات چەند راسپاردەیەک بۆ چارەسەری دوورمەودا، خرایەڕوو کە داوا دەکات پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی سیستمی بایۆمەتری و دابەشکردنی مووچە بکرێت بە سیستمی کارتی و پەلەش بکرێت لە جێبەجێکردنی سیستمی ھاوتای کەسی و ھەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان بکرێتەوە.