ھەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لۆژیک لە کوێدایە ئەوەی دوێنی لە سەنگەری بەرگری لە عیراقی و تێکشکاندنی پاشماوەی بەعسییەکان و تیرۆریستانی قاعیدە و داعش بووە پێی بڵێت بڕۆ ببە بە ئۆپۆزسیۆن. 


راشیگەیاند، ھێشتا حکومەتی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کێشەی چارەسەرنەکراوی دەستوری و یاسایی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ھەیە کە گرنگترینیان ماددەی ١٤٠ی دەستور و دۆسیەی نەوت و پرسی ھێزی پێشمەرگەیە. 


جەختیشیکردەوە، نابێت ھەموو ھەوڵ و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان بکەنە قوربانی دەستکەوتی چەند کەسێک کە ھیچ بەھایەک بۆ قوربانییەکانی گەلی کورد دانانێت و بە دوای دروشمێک کەوتوون کە ھیچ باوەڕیان بە مافی کورد و پێکھاتەکانی دیکەی عێراقیش نییە، بۆیە ئەوەی سبەی دەگوزەرێت لە پێناوی حکومەتێکی بەھێزی نیشتمانی و داھاتوویەکی باشتر بۆ گەلانی عێراق نییە ، بەڵکو ھەندێک لایەن بەپێی بەرژەوەندی تایبەت  لە ئاوی لێڵ مەلە دەکەن.