ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات بۆ تاووتوێکردنی دوو دۆسیەی سەرەکی کە پەیوەستن بە سیستمی گومرگی و شایستەی دارایی کرێکاران.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پوختەی کۆنووسی هاوبەشی نێوان دەستەی گومرگی فیدراڵی و گومرگی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە جێبەجێکردنی سیستمی ئەلیکترۆنیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) تاووتوێ کرا، کە هەفتەی ڕابردوو لە بەغدا واژۆ کرابوو.
هاوکات لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجومەنەکە پرسی چاکسازی لە بواری خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی کرێکاران و میکانیزمی دیاریکردنی کەمترین موچەی مانگانەی خانەنشینی بۆ کرێکارانی کەرتی تایبەت خستە بەرباس.