ترەمپ بەهۆی دانەبەزینی نرخی بەنزین هێرش دەکاتە سەر کۆمپانیاکانی نەوت
سەوسەن سەید
٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، ڕۆژی چوارشەممە، رایگەیاند کە وەزارەتی داد لە وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوەیەک، ئەمەش دوای ئەوەی بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆمپانیاکانی نەوت نرخی بەنزینیان دانەبەزاندووە بەو شێوەیەی کە لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوتدا بگونجێت.
سەرۆکی ئەمریکا لە سەر سەکۆی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: کۆمپانیا گەورەکانی نەوت لە وێستگەکانی سووتەمەنیدا نرخەکان دانابەزێنن بەو شێوەیەی کە لەگەڵ دابەزینی توندی نرخی ئەو نەوتەدا بگونجێت کە دەیکڕن... منیش فەرمانم بە وەزارەتی داد کردووە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەم بابەتەدا بکات.
ترەمپ دوێنێ سێشەممە رایگەیاندبوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەروی هورمز بە کراوەیی دەهێڵێتەوە و کۆتایی بە گەمارۆدانی دەریایی دەهێنێت.


