دەقی پەیامەکە...
بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان
بە شانازی و خۆشحاڵییەوە بە بۆنەی رۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان و چوونە بواری جێبەجێکردنی پەیماننامەکەیەوە پیرۆزباییتان لێدەکەین و جەختیش لە بەدیھێنانی ئامانج و پلان و پرنسێپەکانتان دەکەینەوە و دەستخۆشیتان لێدەکەین لە بەدیھێنانی ئومێد بۆ جیھان تا ھەمووان بتوانن چێژ لە ئاشتی و گەشەپێدانی بەردەوام وەربگرن.
ئەم دەرفەتە بەھەل دەزانین بۆ ئەوەی دڵنیاتان بکەینەوە کە پشتیوانتانین تا بەدیھێنانی دادپەروەری و پەرەپێدانی مرۆیی و زیادکردنی دەرفەتەکانی ژیان بەتایبەت بۆ گەنجان و ژنان.
لەم ڕۆژەدا خۆشحاڵین کە ھاوبەش وھاوڕاتانبین لە گرنگیدان بە مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی لەم ھەلومەرجە سەختەی کە ئەمڕۆی دونیامان پێیدا تێدەپەڕێت، ھەروەھا دڵنیاشین لەھەوڵەکانتان بۆ دابینکردنی فریاگوزاری بۆ لیقەوماوان و کۆتاییھێنان بە دوبەرەکی.
دەمانەوێت نیگەرانی خۆمان دەرببڕین سەبارەت بە قەیرانەکانی کەشوھەوای ھەسارەکەمان، بەتایبەتی ئاو و گەرمبوونی جیھان، و ھاوسۆزین لەگەڵتان بۆ بەدیھێنانی ژینگەیەکی گونجاو بۆ ژیان .
ھیوای تەندروستیەکی باش بۆ ئێوە و پێشکەوتن بۆ ڕێکخراوەکەتان دەخوازین.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمان
د. لەتیف جەمال ڕەشید
سەرۆککۆماری عێراق
لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی وڵات و میکانیزمی ھەماھەنگی نێوان ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکایەتی کۆمار لە پێشکەشکردن و پەسەندکردنی یاسا گرنگەکان تاوتوێ کرا.
ھەر لە دیدارەکەدا باس لە پێشھاتەکانی دۆخی کەرتی غەززە و گرنگی ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان کرا بۆ راگرتنی دەستدرێژی و بەردەوامی بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل، ھەروەھا ھەڵوێستی نەگۆڕی میللی و رەسمی عێراقیان لە رەتکردنەوەی ھەر ھەوڵێک بۆ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان و مافی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کە قودسی پیرۆز پایتەختیەتی دووپاتکردەوە.
سەرۆککۆمار پێشوازی لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتیە دیپلۆماسیەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەرانی وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
بەڕێزیان لە میانی پێشوازیکردنی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە ئیتاڵیا لە ژمارەیەک سەرۆکی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان لە ڕۆما و ڤاتیکان و نوێنەری وڵاتان لە ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ھاوسۆزی تەواوی عێراقی بۆ گەلی فەلەستین دەربڕی و دووپاتیکردەوە لەپشتگیریکردنی گەلی فەلەستینی بۆ بەدەستھێنانی مافە زەوتکراوەکانیان.
سەرۆککۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عێراق پێکھێنانی پەیوەندیەکی ھاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیھان بەھەند وەردەگرێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی عێراق و لێکتێگەیشتن لەبارەی پرس وبەرژەوەندییە ھاوبەشەکان .
سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەدا کە عێراق لەسەر بنەمای ڕۆڵی جەمسەری خۆی ھەوڵ دەدات بناغەی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بچەسپێنێت، چونکە پێی وایە ململانێ و جەنگ و ناکۆکییەکان چارەسەری کێشەکان ناکەن، بەڵکو زیاتر ئاڵۆزیان دەکەن، وتیشکی خستە سەر ئەوەی کە عێراق زیانی زۆری بەرکەوتووە لە ئەنجامی جەنگ و توندوتیژی و تیرۆر و دیکتاتۆرییەت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر زۆر بوار ھەبووە بەتایبەتی ژیانی ئابووری و خزمەتگوزاری و ژینگەیی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ عێراق پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت بەو پێیەی حکومەت گرنگییەکی زۆری بە سەقامگیری ئەمنی داوە، جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی وسنووردارکردنی گەندەڵی و نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی ئابوری وڵات و دەستپێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەتی دوای پەسەندکردنی بودجەی گشتی بۆ ماوەی سێ ساڵ، ئاماژەی بەو دۆخە کرد کە بیناسازی و ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیری بونە ھۆکاری ئەوەی شاری موسڵ میوانداری فێستیڤاڵی بەھارەی سازکرد و بەسرە میوانداری جامی کەنداوی عەرەبی ئەنجامدا، ھەروەک لە چلەی ئیمام حسێندا نزیکەی ٢٠ ملیۆن زیارەتکار بەشداریانکرد، بەبێ ھیچ ڕووداو و پێشێلکارییەکی ئەمنی بەڕێوەچون ئەمەش ئاماژەیە بۆ سەقامگیری ئەمنی و پێشکەوتنی شارەکان لە عێراقدا.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بە قەیرانی ئاو کرد کە عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە دەرەوەی سنوورە جوگرافییەکانیەتی، ئەوەش وایکردوە وڵاتانی سەرەوەی ڕووبارەکان کۆنترۆڵی بڕی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات و لقەکانیان بکەن کە ھیچ ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی یان دووقۆڵی نییە کە پشکی وڵاتانی ھاوبەش لە ڕووبارەکاندا ڕێکبخات، جگە لە گۆڕانی کەشوھەوا، بە بیابانبوون، وشکەساڵی، خراپی سیستمی بەڕێوەبردن و کەم نەکردنەوەی بەکارھێنانی ئاودا کێشەی دروستکردوە، ھیواشی خواست بە گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ وڵاتانی سەرچاوەی ئاوی روبارەکانی عیراق کە گەرەنتی پشکی دادپەروەرانەی عێراق لە ئاو بکات.
لە درێژەی دیدارەکەدا بەڕێزیان باسی لە ڕەشنووسی ئەو یاسایانە کرد کە سەرۆکایەتی کۆمار بۆ پەسەندکردنی پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە وەک ڕەشنووسی یاسای ئەنجومەنی باڵای ئاو، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی سەکردایەتی رژێمی ھەڵوەشاوە سەبارەت بە دابەشکردنی زەوی، ڕەشنووسی یاسای دەستەی باڵای پەرەپێدانی تواناکانی ژنان، ڕەشنووسی یاسای ھەموارکردنەوەی یاسای ماددە ھۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان و ڕەشنووسی یاسای گێڕانەوەی ئەو پارەیەی بە گەندەڵی براوەتە دەرەوە، جگە لە ئازادکردنی نزیکەی ٩ ھەزار دەستگیرکراو کە ماوەی سزادانەکانیان بەسەرچووە و ھەڵوەشاندنەوەی یاساکانی رژێمی پێشوی ھەڵوەشاوە.
ھاوکات بەڕێزیان ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی باشەو وە ئیرادەیەک لە ھەردوولا ھەیە بۆ بەردەوامیدان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەسەر پرسە ھەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور و یاسا.
ھەروەک بەڕێزیان ئاماژەی بەوە کرد، عێراق بەردەوامە لە دابینکردنی ئاسانکاری بۆ بازرگانان و ھاندانیان بۆ وەبەرھێنان و ھاتنە ناو بازاڕی عێراق، و ھیوای خواست کە وێنەی ڕاستەقینەی عێراق بە وڵاتەکانیان بگەیەنن .
ە بەرامبەردا باڵیۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێزیان دەربڕی و ستایشی ھەڵوێست و پاڵپشتییەکانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکانیان دەربڕی، جەختیان لە خواستی حکومەتەکانیان کرد بۆ بەردەوامبوون لە ھاوکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا، ھاوکات خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بەرامبەر بەو پێشکەوتنانەی لە سەقامگیری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بەدیھاتوون.
دوای خۆپیشاندانەکانی کەرکوک لە دووی ئەیلولی رابردوو، کە چوار ھاووڵاتی شەھیدبوون، د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق وەفدێکی رەوانەی کەرکوک کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
"عەزیز مەجید"جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھەوڵی سەرۆک کۆمار دەزگای شەھیدانی عێراق بەرەسمی چوار شەھیدەکەی، بەشەھیدی دەستی تیرۆر ناساندووە.
سەرۆککۆمار لە کۆڕبەندەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا جەختی لەوە کردەوە کە عێراق گرنگییەکی تایبەتی بە ھەر دەستپێشخەریەک دەدات کە ببێتە مایەی گەشەسەندنی بواری ئاو و کشتوکاڵ و پەرۆشی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێی دەگوترا زەوی ڕەشایی پێش دەستپێکردنی جەنگ و ناکۆکییەکان لە وڵاتەکەمان کە دەیان ساڵە بەردەوامە.
ھەروەھا سەرۆککۆمار ئاماژەی بەوەشکردوو، کە جیھان ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکانی سەدەی بیستەم بوویەوە، لەوانە جەنگ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. لەڕاستیدا، ئێمە پێویستمان بە دەستپێشخەری زیاتر و داھێنان و کرداری بەکۆمەڵ ھەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەک، لەوانە گەشەی دانیشتوان، کە بارگرانییەکی گەورەیە لەسەر جیھانی ئێمە بە سەرچاوەی سنووردار.
سەرۆککۆمار ئاماژەشی بەوەدا کەعێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
ئەمەش دەقی ووتەکەی سەرۆککۆمارە:
"بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، بەڕێز شو دنیۆ
خوشکان برایان ئامادەبووانی بەڕێز..
سڵاوێکی گەرم..
سەرەتا سوپاستان دەکەم کە بانگھێشتتان کردین بۆ بەشداریکردن لەم کۆڕبەندە گرنگەدا، ھەروەھا دەمەوێت ستایشی ھەڵبژاردنی ئەم بابەتە زۆر گرنگە کە کشتوکاڵ یەکێک لە چەمکە پێویستەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و گۆڕانی کەشوھەوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کە زنگی مەترسییەکی گەورە دەخاتە ڕوو لە سەر جیھان، ئەمڕۆ لەم شارە دێرینەی کە خاوەن پێگەیەکی کلتووری و مێژوویی دیارە و لە ڕۆژی جیھانی خۆراکدا کۆدەبینەوە کە حەفتا و ھەشت ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەم ڕێکخراوە خاوەن ئامانجە بەرزەکان تێپەڕدەبێت.
کشتوکاڵ، کە بۆ یەکەمجار لەلایەن مرۆڤەوە لە کەنارەکانی دیجلە و فورات سەری ھەڵداوە، یارمەتی مرۆڤیدا کە بتوانێ شارەکان بونیادبنێت کە شارستانییەتە کۆنەکان تێیدا پەرەی سەندووە.
عێراق لە رێگەی تێزەکانی حەمورابیەوە یەکەم سەرچاوەی یاساکان بوو کە باسی ئەم بەشە گرنگەی ژیانی مرۆڤایەتی بکات و کۆنترین پەیماننامەی جیھانیە سەبارەت بە پرسی ئاو، کەپەیمانی "میسیلیمە"، واتە پەیماننامەی ئاشتی ھەمیشەییە لە نێوان دوو شاری سۆمەری کە دەکەونە کەناری دیجلە واتە لەگش و ئوما، زیاتر لە چل و پێنج سەدە لەمەوبەر واژۆکراوە و ئامانجی ئەو پەیماننامەیە چارەسەرکردنی ناکۆکی درێژخایەنی نێوانیان بوو کە ھەردوو شارەکە لەسەر بەکارھێنانی ئاوەکانی رووباری دیجلە واژۆیان کرد .
پەیماننامەکە کۆمەڵێک رێسای بۆ دابەشکردنی ئاوەکانی ڕووبارەکە داڕشت، ھەروەھا لایەنەکانی پەیماننامەکە دروستکردنی بەنداو یان ھەر بەربەرستێکی دیکەیان قەدەغە کرد کە دەستوەردان لە رۆیشتنی ڕێڕەوی ڕووبارەکە بکات و ئاوی وڵاتی خوارەوەی ڕووبارەکە ڕابگرێت.
ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتنە زانستی و پرۆسەی بواری کشتوکاڵدا، جیھان توانیویەتی ئاسایشی خۆراک بەدیبھێنێت، ئەم ڕێکخراوە بەشداریی لە پێشخستنی ئەو پێشھاتانەدا کردووە و درێژەیش بەم رێبازە دەدات لە رێگەی چەندین دەستپێشخەرییەوە، کە دەستپێشخەرییەکن ئێمە پشتیوانی دەکەین و زۆرێک لە وڵاتان دەتوانن توانا نیشتمانییەکانیان پەرەپێبدەن و سوود لە بەرنامەکانی ڕێکخراوەکە وەربگرن.
عێراق ئەوپەڕی بایەخ بە ھەر دەستپێشخەرییەک دەدات کە دۆخی ئاو و کشتوکاڵی وڵاتەکان باشتر بکات، ئێمەش بەوپەڕی تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵین بۆ ئەوەی بیگەڕێنینەوە بۆ ئەو دۆخەی کە تێیدا بوو کاتێک پێش ھەڵگیرسانی شەڕ و ململانێکان ناوی لێنرابوو (خاکی ڕەشایی). لە وڵاتەکەماندا کە بۆ دەیان سەدە بەردەوام بوو.
جیھان بە سەرکەوتنێکی حاشا ھەڵنەگر ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیستەم بووەتەوە، لەوانە شەڕ و برسێتی و قەیرانی ئابووری. ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستمان بە زیاتر لە دەستپێشخەری و داھێنان و کاری بەکۆمەڵ دەبێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی سەدەی بیست و یەکەم ببینەوە، لەوانەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان، کە بارگرانییەکی گەورە لە سەرچاوە سنووردارەکانی جیھانەکەمان دەکات.
ژمارەی دانیشتوانی جیھان بەردەوام لە زیادبووندایە، بەو پێیەی لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی جیھان سێ ھێندە زیادی کردووە، ئەمڕۆ ھەشت ملیار کەسی تێپەڕاندووە و بەپێی پێشبینییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٥٠ ژمارەی دانیشتووانی جیھان بگاتە ئاستی دە ملیار کەس. ھەموو ئەمانە دەبێتە ھۆی فشارێکی زۆر بەتایبەتی لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
دیاردەی گەرمبوونی جیھان و گۆڕانی کەشوھەوا لە ھۆکارە ڕاستەوخۆکانی بڵاوبوونەوەی دیاردە دژبەیەکەکانی وەک لافاو و ئاگرکەوتنەوە و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ئاستێکی پێوانەیی بوون. ھەروەھا بووە ھۆی نەمانی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەھۆی فراوانبوونی بەبیابانبوون.
لەم بوارەدا عێراق ھەوڵدەدات بەرنامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بە بیابانبوون بگرێتەبەر، بەزیادکردنی ئەو ڕووەکانەی کە بەرگەی وشکەساڵی و شۆرەکات و گۆڕانی کەشوھەوا دەگرن، چەسپاندنی وزەی پاک و نوێبووەوە و پاراستنی فرەچەشنی بایۆلۆجی و گەڕاندنەوەی ھاوسەنگی ژینگەیی و دروستکردنی ژینگەیەکی بەردەوام لە ڕێگەی ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پەرەپێدانی سامانی ڕووەک و ئاژەڵان، ھەروەھا گرتنەبەری شێوازە مۆدێرنەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
ئاسایشی خۆراک پەیوەندییەکی نزیکی بە ئاسایشی ئاوەوە ھەیە. ئەمڕۆ بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنین، لەبەر زۆر ھۆکار، گرنگترینیان ڕێگریکردنە لە ھەڵڕژاندنی ئاو بەھۆی ئەو بەنداوە زۆرانەی کە لەلایەن وڵاتانی دراوسێی سەرەوەی ڕووبارەکانەوە دروستکراون و نەبوونی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی یان دوولایەنە لە نێوان وڵاتاندا کە گەرەنتی مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە بکات، جگە لە ھۆکارە سروشتییەکانی دیکەی پەیوەست بە کەشوھەوا وەکو کەمی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.
لەم چوارچێوەیەدا دەبێت ئەوە بیربێنینەوە کە ئەوەی ھۆکاری کەمکردنەوەی ئەم قەیرانە و تێپەڕاندنیەتی، ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتیە لەلایەن ھەموانەوە، بەپێی پرۆسە ومیکانیزمێکی ھەمەلایەنە بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە پێی سیستم و میکانیزمە مۆدێرنەکان، لەگەڵ گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی گەیشتن بە نەخشەڕێگای ھاوبەش لە ڕێگەی زانیاری تەکنیکییەوە و ئاڵوگۆڕی پلانی کارکردنی پەیوەست بە بڕ و کاتەکانی بەردانی ئاوەکان، بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کە مافی ھەمووان لە پشکی ئاوی دادپەروەرانە دابین بکات.
چارەسەرکردنی قەیرانی ئاو پێویستییەکە ناتوانرێت دەستبەرداری بین لەپێناوی داھاتووماندا، ئەگەر ڕێژەی ئاوی زیادە بێت، یان کەم بێت، یان ئاوی زۆر پیس بێت، مەترسییەک دروستدەکات کە بەھۆی گۆڕانی کەشوھەوا خراپتر دەبێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ئابووری وڵاتان دروست دەکات و ھاندەری کۆچکردن دەبێت و ململانێکان توندتر دەکات .
پێویستمان بە ھەنگاوێکی جیھانییە بۆ بەدەستھێنانی گەشەی خۆڕاگری ئاو و ئاسایشی ئاو. سەرەڕای ئەو پێشکەوتنانەی بەدەست ھاتوون، ئێمە دواکەوتووین لە گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام کە پەیوەندییان بە ئاوەوە ھەیە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی ھەمەلایەنە ھەیە، بەتایبەتی بەو زانیاریانەی کە ئاماژە بەوە دەکەن تا ساڵی ٢٠٣٠ زیاتر لە یەک ملیار و نیو کەس دەستیان بە ئاوی خواردنەوە ناگات.
کەرتی ئاو پێویستی بە شێوازی نوێی بیرکردنەوە و بەڕێوەبردنی ئاو ھەیە. پرۆسەی ئاڵوگۆڕی زانیاری، یارمەتی حکومەتەکان دەدات بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کارایی و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لە جیھانێکدا کە تادێت پشێوی و کەم ئاوی زیاتر دەبێت.
لەراستیدا عێراق تاکە وڵات نییە کە خۆی لەم دۆخە سەختەدا ببینێتەوە، بەو پێیەی ھیچ ڕێککەوتنێک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاریگەر نییە لەسەر ئاستێکی بەرفراوان، ھاوشێوەی پەیمانی لەگش و ئوما، کە ئێمە ئاماژەمان پێکرد. بۆیە داوا لە دامودەزگا نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەگەڵمان کاربکەن، کە لە پێشەوەیان ڕێکخراوە بەڕێزەکەتان ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھان، بەو پێیەی ئاو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ کشتوکاڵ و ژیانە.
ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەم ئاڵنگاریە بنەڕەتییە دەستەوستان بوەستین، بەو پێیەی ئاگاداری سەختی دۆخەکەین، ھەروەھا لێکۆڵینەوەکان کە ساڵانێک لەمەوبەر ئەنجاممان داوە دەریانخستووە کە عێراق لە داھاتوودا بەدەست کەمی ئاویەوە دەناڵێنێت.
بە جددی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کە وڵات وگەلانی دۆستن، کاردەکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەری دادپەروەرانە و جێگەی ڕەزامەندی بۆ ھەمووان. ھەروەھا بەجدی کاردەکەین بۆ سوودوەرگرتن لە ھەر دڵۆپێک ئاو کە دەگاتە زەوییەکانمان، ئەمەش پێویستی بە ھەوڵێکی زۆر دەبێت بۆ کارکردن لەسەر پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، مۆدێرنکردنی شێوازەکانی ئاودێری، و یاسادانان لەبوارەکانی پەیوەست بە کەرتی ئاو بۆ ئەوەی کشتوکاڵ پێگەی بەناوبانگی خۆی بەدەستبھێنێتەوە.ئێمە چاوەڕوانی ھاوکاری زیاترین لەگەڵ ڕێکخراوەکەتان لەم بوارە بنەڕەتییەی پەیوەندی بە ژیان و ئاسایشی گەلانەوە ھەیە .
سەرۆککۆمار پێشوازیکرد لە عەبدولعەزیز شەممەری باڵیۆزی سعودیە لە عێراق کە نامەیەکی دەستنوسی پاشای سعودیەوە گەیاندە بەڕێزیان .
ناوەڕۆکی نامەکە بریتی بوو لە خواستی شانشینی عەرەبستانی سعودی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیە ھاوبەشەکانی ھەردوو گەلی برا بکەن، ھەروەھا گرنگی ھەماھەنگی ھەڵوێستەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆککۆمار، جەختی کردەوە لە پێویستی چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سعودیە و فراوانکردنی ئاسۆی ھاوکاریی بونیادنەر کە خزمەتی بەرژەوەندی ھەردوو وڵات بکات.
لەلای خۆیەوە باڵیۆز ئەلشەمەری جەختی لە پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیریی تێیدا، ھاوکات ستایشی پێشھاتە ئەرێنیەکانی عێراقی لە بوارە جیاجیا کاندا کرد.
د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە وەلید محەمەد ئیسماعیل باڵیوزی میسر لە عێراق کرد، بەھۆی کۆتاییھاتنی ئەرکەکانی.
لە دیدارەکەدا سەرۆککۆمار جەختی لە قوڵی پەیوەندی برایانە و ھاوکاری نێوان عێراق و میسر کردەوە، ھەوڵەکانی باڵیۆزی میسری بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و قاھیرە بەرزراگرت وھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی داھاتوویدا.
لە بەرامبەردا وەلید محەمەد ئیسماعیل، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری کۆماری عێراق دەربڕی و جەختی کردەوە لە رۆڵی ئەرێنی سەرۆککۆمار لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و میسر.
د.لەتیف رەشید رایگەیاند، بە داخێکی زۆرەوە ھەواڵی ئەو ھێرشە تیرۆریستییەیان پێگەیشت لە شاری حومس، کە چەندین قوربانی و برینداری لێکەوتەوە.
سەرۆککۆماری عێراق راشیگەیاند، بەناوی خۆی و گەلی عێراق بە توندی ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستییە ترسنۆکە دەکەن، کە پێچەوانەی ھەموو بەھا مرۆییەکان و فێرکارییە ئاسمانییەکانە. ھیوای زوو چاکبوونەوەشی بۆ بریندارەکانی ئەو رووداوە خواست.
دەقی پەیامەکەی سەرۆککۆمار....
بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و ھەڵبژاردنتان وەک سەرۆکی یەکێتی پیرۆزباییەکی گەرمتان لێ ئەکەم و لە رێگەی ئێوەشەوە لە ھەموو برایانی سەرکردایەتی و کادیران و لایەنگرانی یەکێتی لە ئەرکە پیرۆزەکەتاندا بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و ھەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ھەروەھا پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە ڕابەری کۆچکردوو مام جەلال "خوالێی خۆشبێت" بەجێی ھێشتووە.
لەگەڵ ڕێزدا
د.لەتیف ڕەشید سەرۆککۆماری عێراق
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق بەبۆنەی ھاتنی جەژنی جەمای ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پیرۆزبایی لە رۆڵەکانی گەلی ئێزدی دەکەن بە بۆنەی جەژنی جەما و جەختیکردەوە لەسەر پێویستی دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆیان، دوای ئەو کردەوە تیرۆریستییە تاریکپەرستانەی کە کردنیە ئامانج.
ھەروەھا سەرۆککۆمار داوادەکات ھەموو ھەوڵێک لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت، بۆ پەلەکردن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە شەنگال.
سەرۆککۆماری عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی (حەدس)، کە سەعات ١٠:٣٠ خولەکی ئەمشەو بڵاودەبێتەوە، باسی لە چەندین بابەتی ھەنوکەیی کرد، لەبارەی پەیوەندییەکانی بەغداد و ئەنقەرەش وتی، عێراق ھەوڵدەدات رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ تورکیا بکات، وەک ئەو رێککەوتنە ئەمنییەی لەگەڵ ئێران ھەیانە، وتیشی، پێویستە تورکیا رێز لە سەروەریی عێراق بگرێت و رەچاوی رەوشی عێراق بکات.
د.لەتیف رەشید راشیگەیاند، تورکیا رۆژانە پێشێلکاری لە ھەرێمی کوردستان دەکات و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بنکەی سەربازیی لە عێراق ھەیە، ئەوەش جێگەی قبوڵکردن نییە و پێشێلکارییەکانی ئەو وڵاتە کوشتنی خەڵکی مەدەنیی لێکەوتووەتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق راشیگەیاند، پارتی کرێکارانی کوردستان، ٤٥ ساڵ یان زیاترە لە ھەرێمی کوردستان ھەن و بەغداد پێشێلکارییە رۆژانەکانی تورکیا لە سلێمانی و ھەولێر و دھۆک و ناوچەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی"حەدەس" رایگەیاند، کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد کێشەی سیاسی راستەقینە نەبووە، ئەوانەی پەیوەندییان بە لایەنی جێبەجێکردنەوە ھەبووە چارەسەر کراون، بەشێکی زۆری ئەو کێشانەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای نەوت و وزە، حکومەتی ھەرێم و حکومەتی ناوەندیش مەبەستیانە یاسای نەوت و گاز دەربچێت.
وتیشی، ھەرێمی کوردستان وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ھیچ ترسێکیان لە سیستمی فیدراڵی نییە.
سەبارەت بە کێشەکانی کەرکوک، سەرۆککۆمارئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کەرکوک گرنگترین شاری عێراقە، بەڵام ھەندێک جار وەکو پێویست کاروبارەکانی کەرکوک بەڕێوەنەبراوە.
سەبارەت بە بۆردومانەکان و سنوربەزاندنەکانی تورکیاش رایگەیاند، تورکیا بە درێژایی کات بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی و عێراق وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ئەوە قبوڵناکات، ھیواشی خواست لەگەڵ تورکیاش بگەنە رێککەوتنێکی ھاوشێوەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ ئێران.
لەبارەی ھەڵبژاردنی داھاتوو، د. لەتیف رەشید رایگەیاند، لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی داھاتوو ھەڵبژاردێکی پاک و بێگەرد بێت، لەگەڵ ئەوەدانین ھیچ لایەنێکی سیاسی لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن بکشێتەوە.
سەبارەت بە کێشەی ئاویش وتی، پێویستە عێراق وەکو وڵاتێک پشکی داپەروەرانەی خۆی لە ئاو پێبگات، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا لە پەیوەندیدان و گەشبینن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەو بارەیەوە.
لە میانی کۆبوونەوەەکەدا سەرۆککۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی پاراستنی کەلەپوری شارستانی و مێژوویی و کەلتووری وڵات، لەوانەش خۆشنووسی عەرەبی و جۆرەکانی، ئاماژەشیکرد بە گرنگی چەسپاندنی فرە کەلتووری هەموو پێکهاتەکان.
سەرۆککۆمار هانی پێویستی بەردەوامبوونی هەوڵەکانی دا بۆ پاراستنی هەماهەنگی نێوان خۆشنووسانی عەرەب و کورد لە ڕێگەی سازکردنی پێشانگە و کۆڕ و بەستنی کۆڕبەندی هاوبەش بۆ نزیکبوونەوە و پەیوەندی و پێشخستنی هونەر و کەلتوور بە شێوەیەک دۆخی ئەم هونەرە باشتر بکات کە ڕەنگدانەوەی قووڵی هونەری و شارستانییەتی وڵاتە.
هەروەها ئاماژەی بە پێویستی گرنگیدان بە وانەی دەستنوسی عەرەبیکرد لە هەموو ئاستەکانی خوێندندا، بەتایبەتی خوێندنی سەرەتایی، بۆ پەرەپێدانی کارامەیی خوێندکاران، جگە لە خول و وۆرکشۆپە تەکنیکییە ڕێکخراوەکان.
لای خۆشیانەوە ئەندامانی وەفدەکە سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ سەرۆککۆمار دەربڕی و خۆشحاڵی خۆیان بە دیداری بەرێزیان نیشاندا و ستایشی ئەو پشتیوانیەی بەڕێزیان کرد بۆ فەرهەنگ و هونەر، هەروەها باسیان لە کارو چالاکیی و ئامانجەکانیان کرد لە بوژاندنەوەی قوتابخانەی بەغدادی بۆ خۆشنووسی.
لەکۆتایی دیدارەکەدا، بەڕێزیان چاویکەوت بە بەرهەمی کۆمەڵەکەیان کە نووسینێکی قورئانی پیرۆز بوو لەلایەن(30) خۆشنووسەوە لەپارێزگا جۆراوجۆرەکانی عێراقەوە کێشرابوو وەک وەڵامدانەوەی هەوڵەکانی هێرشکردنە سەر قورئانی پیرۆز و بەڕێزیان ئەم کارە پیرۆزەی بەرزنرخاند و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن و سەرۆکی کۆمەڵەکەیش تابلۆیەکی پێشکەش بە سەرۆک کرد کە گوزاشت لە یەکێک لە هونەرەکانی ڕێنووسی عەرەبی دەکات .
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتی و بەدواداچوونەكانی د.لەتیف رەشید، سەرۆككۆماری عێراق لەسەر ئەو پرسانەی كە پەیوەستە بە هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان، ئەمڕۆ لەگەڵ سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە.
وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی گرنگ و گۆڕانكارییە سیاسییەكان و پێشهاتەكان تاوتوێ دەكرێن، بەتایبەت پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و ناردنی پشكی هەرێم.
ئەو كۆبوونەوەیە لە كاتێكدایە كە رۆژی سێشەممە بۆ سێیەمجار، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دواخرا و بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە دانیشتنەكە ئەنجام بدرێت، ئەگەرچی تائێستا كارنامەی ئەو دانیشتنەش بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام فراكسیۆنە كوردستانییەكان بڕیاریانداوە ئەگەر لە دانیشتنی سبەینێدا، ڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە نەخرێتە بڕگەی یەكەمی دانیشتنەكەوە بایكۆت دەكەن.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی گشتی وڵات و گرنگی پێشخستنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان هەموو پێکهاتەی کۆمەڵگەی عێراقدا کرا، بەو پێیەی دەستپێکە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.
هەروەها سەرۆککۆمار ستایشی ئەو قوربانیدان و بەرگریکردنەی کریستیانەکانی کرد لە عێراق دژی باندە تیرۆریستییەکان و پابەندبوونیان بە ناسنامەی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی بەشداریی ڕاستەقینەیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و هەروەها ڕۆڵی ئەو پێکهاتە و بەشدارییە کاریگەرەکانییان لە بونیادنان و پەرەپێدانی بەرهەمە کەلتوری و فیکرییەکانی کۆمەڵگای عێراقی بەرزنرخاند .