بانکی ناوەندیی عیراق: دوو مانگ جارێک 2000 دۆلار بەنرخی رەسمی دەدەینە گەشتیاران
بڵند
١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
دوای بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار، بانکی ناوەندیی عیراق پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران زیاد کرد و لەمەودوا گەشتیار دەتوانێت دوو مانگ جارێک 2000 دۆلار بە نرخی رەسمی وەربگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێکدا بانکی ناوەندیی عیراق رایگەیاند، لەمەودوا گەشتیار دەتوانێت لە ساڵێکدا شەش جار 2000 دۆلار بە نرخی رەسمی وەربگرێت.
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکە لە 18ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانج لەم هەنگاوە رێکخستنی پێدانی دۆلارە بە گەشتیاران و دڵنیابونەوە لەوەی دۆلار بە نرخی رەسمی دەگاتە دەستی ئەو کەسانەی شیاون.
ئەم بڕیارە لە کاتێكدایە، پێشتر بانکی ناوەندیی عیراق پێدانی دۆلاری بە گەشتیاران بۆ دوو جار لە ساڵێکدا کەمکردبوەوە.


