سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریدەدات لە قەباری قەرزەکان لە جیهاندا؛  پێشبینیش دەکات تا ساڵی 2030 قەبارەی قەرزی گشتیی حکومەتەکان زیاتر بێت لە قەبارەی ئابوری جیهان.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF)  راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە و  پێشبینی دەکات تا ساڵی 2030، قەبارەی قەرزی گشتیی حکومەتەکان لە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) زیاتر بێت و کۆی قەبارەی ئابوریی جیهان تێپەڕێت.

سندوقەکە هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی سوود و گرانبونی تێچوی قەرزکردن لەسەر ئاستی جیهان دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، کۆمەڵێک قەیران و هۆکاری جیهانی بوونەتە هۆی ئەم کەڵەکەبونەی قەرز، لەوانە؛ بەردەوامیی هەڵاوسان، شۆکی نرخی نەوت، هەروەها خەرجییە زۆرەکانی وڵاتان بۆ وەبەرهێنان لە بوارە نوێیەکانی وەک ژیریی دەستکرد (AI).

ئەم هۆکارانە وایان کردووە تێچوی قەرزکردن لە وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) بگاتە بەرزترین ئاست لە ماوەی 20 ساڵی رابردودا.

سندوقەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە تێکڕای تێچوی قەرزکردنی دەوڵەتان لە 2.3٪ی ساڵی 2021ـەوە، بەرز دەبێتەوە بۆ 3.7٪ لە ساڵی 2031.

لە کۆتاییدا، ئەم دەزگا داراییە جیهانییە داوا لە سەرجەم حکومەتەکان دەکات کە ئەگەر لە ئێستاوە دەست بە چاکسازیی توندی دارایی نەکەن، سیستەمی باج رێکنەخەنەوە و خەرجییە ناپێویستەکان کەم نەکەنەوە، ئەوا لە داهاتودا قەیرانەکە گەورەتر دەبێت و چارەسەرکردنیشی باجێکی دارایی و ئابوریی زۆر قورستری دەوێت.