بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا (EIA) کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، هاوردەکردنی نەوتی خاوی عیراق بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەفتەی ڕابردوودا گەیشتووەتە سفر. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە هەفتەی پێشووتردا ئاستی هاوردەکردن 51 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.

داتاکان دەریانخستووە کە کۆی هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریکا لە نۆ وڵاتی سەرەکییەوە بەرزبووەتەوە بۆ 6.145 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەراورد بە هەفتەی پێشووتر (4.949 ملیۆن بەرمیل) رێژەی 1.196 ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە.

ریزبەندی وڵاتانی هەناردەکار بۆ ئەمریکا:

  • کەنەدا: پلەی یەکەمی گرتووە بە ڕێژەی 3.891 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

  • ڤەنزوێلا: 624 هەزار بەرمیل.

  • نەیجیریا: 376 هەزار بەرمیل.

  • گۆیانا: 354 هەزار بەرمیل.

  • بەرازیل: 301 هەزار بەرمیل.

  • سعودیە: 228 هەزار بەرمیل.

  • مەکسیک: 186 هەزار بەرمیل.

  • ئەرژەنتین: 112 هەزار بەرمیل.

  • کۆڵۆمبیا: 73 هەزار بەرمیل.

ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەورەترین بەکارهێنەری نەوتە لە جیهاندا و رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بەکاردەهێنێت.