بانكی ناوەندیی عیراق دەڵێت، ئەو بازرگانانەی پێش 7ـی ئەم مانگە حەواڵەیان كردووە نابێت پارەی زیادە بخرێتەسەر حەواڵەكانیان و بە نرخی پێشوو بۆیان هەژمار دەكرێت.

لە راگەیەندراوێكدا بانكی ناوەندیی عیراق بڵاویكردەوە، بەدواداچوون دەكەن بۆ پرۆسە بانكییەكانی پێش و دوای گۆڕانكارییەكانی نرخی دراو بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە پاراستنی مافی بازرگانان و نابێت هیچ جیاوازییەكی نرخی دراو بخرێتە ئەستۆی بازرگانان بۆئەو حەواڵانەی بە نرخی پێشوو كراون.

راشیگەیاندووە، لە حاڵەتی دواكەوتنی جێبەجێكردنی حەواڵەكان یان داواكردنی بڕە پارەی زیادە، بازرگانان دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆڕمی سكاڵای بانكەكەوە سكاڵا تۆمار بكەن.

بانكی ناوەدیی عیراق ئاشكرایكردووە، لەگەڵ بانكەكان و كۆمپانیاكانی پارەدانی ئەلیكترۆنی كاردەكەن بۆ دەركردنی كارتی تایبەت بە بازرگانیی دەرەكی بۆ بازرگانە بچووكەكان، بەمەبەستی ئاسانكاریكردن لە پارەداركردنی هاوردەكانیاندا.