دارایی هەرێم: تەمویلی موچەی مانگی 9 خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەت
سەوسەن سەید
٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 835 ملیار و553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی موچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم خراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عیراق.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بۆ مانگی ئەیلول لە کۆی تەمویلی موچە بڕیوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە بەغدا بڕی 4 ملیار و 961 ملیۆن دیناری لە تەمویلی موچەی مانگی ئەیلول نەناردووە، کە بریتییە لە شایستەی موچەی مانگەکانی رابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی و ئابووری جەختیشی کردووەتەوە: هەر ئەمڕۆ خشتەی دابەشکردنی موچە بڵاودەکرێتەوە.


