ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق باس لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـی عیراق دەکات و دەشڵێت: مژدە بۆ موچەخۆرانی هەرێم، موچەکانیان زامن کراوە.

دیلان غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دوێنێ لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق کۆبوومەوە، باسمان لە چەند تەوەرێکی یاسای بودجەی 2027ـی عیراق کرد وەک نرخی دۆلار و نرخی بەرمیلی نەوت، هەروەها باسمان لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کرد.

بەهای دۆلار و نرخی نەوت

سەبارەت بە بەهای دۆلار و نرخی نەوت، دیلان غەفور ئەوەی خستەڕوو: بەهای 100 دۆلار بە 150 هەزار دینار لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 جێگیرکراوە، هەروەها بۆ بەرمیلێک نەوت 58 دۆلار پێشنیاز کراوە.

موچەی موچەخۆرانی هەرێم

دیلان غەفور ئاماژەی بەوەشدا: مژدە دەدەم بە موچەخۆرانی هەرێم کە موچەکانیان جێگیرکراوە، پێویستمان بەوەیە کە وەفدی هەرێم لە بەغداد بن و ئەو بڕگانەی کە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، تێبپەڕێندرێت.

بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان

سەبارەت بە بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکان، ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: لە عیراق 100 هەزار گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی، 50 هەزاریان سەربازین و 50 هەزاریان مەدەنین، ئەم بابەتە لەگەڵ هەرێمی کوردستان جیایە.

"هەرێمی کوردستان داوایکردووە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 گرێبەستەکانی هەرێمیش بکرێنە هەمیشەیی، بەڵام ئەم بڕگەیان تا ئێستا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت و جێگیر نەکراوە"، دیلان غەفور وادەلێت.