بەهای تمەن بۆ نزمترین ئاستی مێژوی خۆی دابەزی
هەساو ئەمیر
٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
نرخی تمەن بەرانبەر دۆلار بۆ نزمترین ئاستی مێژووی خۆی دابەزی و گەیشتە زیاتر لە 27 ملیۆن تمەن.
لەگەڵ بەردەوامی گرژییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فشار و گەمارۆكانی سەر ئێران، تمەنی ئێرانی داڕمانێكی تری تۆمار كرد و گەیشتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی، بە شێوەیەك نرخی 100 دۆلار بەرانبەر بە زیاتر لە 27 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوە دەكرێت.
لە بەرانبەردا، بانكی ناوەندیی ئێران رایگەیاندووە، بۆ كۆنتڕۆڵكردنی رەوشەكە، بڕی دوو ملیار دۆلار دەخەنە بازاڕەوە.
مەهدی دارابی، یاریدەدەری پارێزگاری بانكی ناوەندی بۆ كاروباری دراوی بیانی، هۆكاری داڕمانەكەی بە پێشبینییە هەڵخەڵەتێنەرەكانی لێپرسراوانی ئەمریكا سەبارەت بە داڕمانی ئابوریی ئێران گەڕاندەوە و جەختی لەوە كردەوە، ئەم دابەزینە كاتییە.
ئەوە لە كاتێكدایە، رێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە بۆ زیاتر لە 70% بەرزبووەتەوە و ئەوەش ژیانی هاووڵاتییانی سەخت كردووە.


