لە پەراوێزی دیداری لوتکەی سلێمانی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە وەبەرهێنەران و بازرگانانی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە.

 لە ژێر رۆشنایی گوێگرتن لە راوبۆچوونی ئامادەبووان، قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە رۆڵی گرنگی وەبەرهێنەران و بازرگانان کرد، کە لە ساڵانی رابردوودا شانبەشانی حکومەت لە بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووریی هەرێم و سلێمانیدا گێڕاویانە.

 هاوکات بەڵێنی پشتیوانی تەواوی پێدان بۆ چارەسەرکردنی ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەمیان.

لە بەشێکی دیکەی  کۆبونەوەکەدا،  قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە هەوڵ و پلانەکان دا بۆ بونیادنانی سیستمێکی بانکیی پێشکەوتوو و جێی متمانەی هاووڵاتییان.

هەروەها جەختی لە گرنگیی گەشەپێدانی هاوسەنگی هەموو کەرتەکان کردەوە و هانی وەبەرهێنەرانی دا کە هاوتەریب لەگەڵ ئابووری، روو لە کەرتی کلتووری، زانستی و رۆشنبیریش بکەن.

لە کۆتاییدا داوای لە بازرگانان و وەبەرهێنەران کرد کە تەنها بە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەمێننەوە، بەڵکو چاویان لە فراوانکردنی کارەکانیان بێت بەرەو بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق.