پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار، ھاوسەرۆکانی ھەدەپە لە کۆنفرانسەکەدا وتیان، دادگای دەستوری ھەلێکی مێژوویی لەدەستدا و دۆسێنامەکەش لەلایەن پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستەوە ئامادە کراوە و دواتر لە کۆشکی کۆماری رێکخراوەتەوە و لە کۆتایشدا دراوە بە داواکاری گشتیی، واتە حکومەت لەپشت ئەم کارەوەیە.
ھاوسەرۆکانی ھەدەپە باسیان لەوەش کرد، گەلی کورد خۆی بەرگری لە ھەدەپە دەکات و ھەدەپەش بە پشتیوانی سەرجەم ھێزە دیموکراسییەکان ئەم ھەوڵە پوچەڵ دەکاتەوە و رێگە نادەن پاشەکشە بە خەباتی دیموکراسییانە بکرێت. وتیشیان ئەگەر دادگای دەستوری بڕیاری داخستنی ھەدەپە بدات ئەوا بڕیاری داخستنی خۆشی دەدات، بەڵام رێگە بەم کارە نادەن.
دادگای دەستوری تورکیا بڕیاریدا دۆسێنامەی داخستنی ھەدەپە وەربگرێت کە لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئامادە کراوە و تێیدا داوای داخستنی ھەدەپە و قەدەغەکردنی چالاکی سیاسیی لە ٦٠٠ کەسایەتی سیاسیی کورد کراوە.
دەقی پیرۆزباییەکە :
ھەڤاڵی بەڕێز کاک جەمیل ھەورامی سەرۆکی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان
بەڕێزان ئەندامانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکان
بەبۆنەی بەستنی دووەمین کۆنگرەی پێشمەرگە دێرینەکانەوە وھەڵبژاردنەوەی کاک جەمیل ھەورامی بەسەرۆکی کۆمەڵەکەتان، گەرمترین و جوانترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ھیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
لەم بۆنەیەدا ھەستی سوپاسگوزاری قووڵی خۆم ئاڕاستەی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵە شۆڕشگێڕەکەتان و بۆ ئەو پاڵەوانانەش دەردەبڕم کە لەخەباتکردن لەپێناوی ئازادی و رزگاری کوردستان خۆیان بەخت کرد، لەگەڵ ئەو پێشمەرگانە کە بەخەباتی دانەبڕاویان بوونە مەشخەڵی بەدیھێنەری ئازادی بۆ ھەرێمەکەمان.
لەکاتێکدا پیرۆزبایی بەستنی دووەمین کۆنگرە و ھەڵبژاردنەوەی ھەڤاڵ جەمیل ھەورامی بەسەرۆک و ئەندامانی نوێی ئەنجومەنی باڵاتان لێ دەکەم، داواتان لێ دەکەم بۆ ھەنگاوی ئایندەی کۆمەڵەکەتان ئامادەسازی تەواو بکەن تا بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم کار بکەن بۆ رێزلێنان لە پێشمەرگە دێرینەکان بەچاودێری کردن و گرنگیدان و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆیان و ئێمەش ھەمووکات پارێزەری داوا ڕەواکانتانین.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی ھەرێم، ستایشی بڕیاری گەڕانەوەی ھەردوو ھێزەکانی پشتیوانی (یەک و دوو)ی یەکەکانی حەفتاو ھەشتای کردو، لە روانگەی بەرپرسیاریەتی نیشتمانیی و نەتەوەییش بۆ دروستکردنی ھێزێکی یەکگرتووی سەربازیانەی سەردەمی داوای کرد، لەھەنگاوەکانی داھاتوو سەرجەم ھێزەکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆببنەوە.
ھەنگاوی گەڕانەوەی ھێزەکان بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە لەئەنجامی خێراترکردنی پڕۆسەی رێفۆرمی سەربازیە و ئاراستەی کاروانی چاکسازیش لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامی دەبێت. لەسەر ئەو پرسەش ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لەعێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، دەستخۆشی لەو ھەنگاوانە کردو رایگەیاند: دۆخی ئێستا و داھاتووی ناوچەکە، پێویستی بە یەککڕیزی و یەکگرتوی ھێزێکی نیشتمانی تۆکمەی پێشمەرگە ھەیەو، ھاوکاری و ھەمەئاھەنگیەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
"ھەسەدە" لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوار تیرۆریستی داعشیان دەستگیرکردووە لە کەمپی "ھۆل" کە خاوەن رەگەزنامەی عێراقین و لە دوای ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکەی ناوچەی "باھۆز" وەک مەدەنی خۆیان گەیاندبووە ئەو کەمپە. ھەسەدە راشیگەیاندووە، ئەو تیرۆریستانە ٣ مەدەنییان کوشتووە کە یەکێکیان ژن بووە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە، ھەسەدە ژمارەیەک تیرۆریستی داعشی لە ناوچەی "عەگیدات" لە ریفی دێرەزووری خۆرھەڵات دەستگیرکردووە، کە ھاووڵاتیانیان ناچار دەکرد بە پێدانی پارە، رۆژی ٤شەممەی رابردووش لە شارۆچکەی "شەحیل" ٣ تیرۆریستی تری داعشیان دەستگیرکرد.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رەوشی خۆراک لە باکوری سوریا زۆر مەترسیدارە و و داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بڕیاری رێگەدان بە گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان لەڕێی سنورەکانی تورکیاوە درێژ بکەنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی، ئەگەر ئەو بڕیارە درێژ نەکرێتەوە، ھاوکاری خۆراک و ڤاکسین و پێداویستی تەندروستی بۆ ٣ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار کەس و یەک ملیۆن منداڵ رادەگیرێت، جەختیشی کردەوە لەوەی لەگەڵ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکات بۆ ئەوەی رێگە بدرێت کاروانەکانی ھاوکاری بگەیەندرێنە ناوچەکانی باکور و خۆرئاوای سوریا.
میدیاکانی رۆژئاڤای کوردستان بڵاویانکردەوە، سوپایی تورکیا و گروپە چەکدارەکان گوندی خربەت بەکر، عەریزە، قزعەلی ، مەبلوجا، سیوان ، کور حەسەن و زەنوبیا تۆپباران کردووەو لەترسی تۆپبارانەکەس گوندنشینان گوندەکانیان چۆڵکردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، شەڕڤانان وەڵامی ھێرشەکەیان داوەتەوە و ڕادارێکی سوپای تورکیا و ئۆتۆمبێلێکی سەربازییان تێکشاندوە و کوژرا و برینداریش لەنێو گروپە چەکدارەکاندا ھەیە.
لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەوە کێشەی کەمی کارەبای نیشتیمانی دروستبووە و تائیستا بەردەوامە، "ئومێد ئەحمەد" وتەبێژی وەزارەتی کارەبای ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی دابەزینی پەستانی گاز لە وێستگەی گازی خورمەڵە و لەکارکەوتنی دوو وێستگەی گازیی لە ھەولێر، ٤٠٠ مێگاوات لە بەرھەمھێنانی کارەبا کەمی کردوە، ھاوکات بەرزبونەوەی پلەی گەرما کاریگەری زیاتری دروستکرد و بەھۆیەوە خواست لەسەر ٦٠٠ مێگاواتی تر زیاد بووە.
ئاشکراشیکرد، کارکردن لە وێستگە لەکارکەوتووەکان بەردەوامە و لە رۆژانی داھاتوودا ئەو کێشانە چارەسەر دەبن بەڵام تاوەکو پلەکانی گەرما نزم نەبنەوە کەمی پێدانی کارەبا بە ھاوڵاتیان بەردەوام دەبێت.