کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو چوار ھەزار و ٦٦٦ رووداوی ھاتوچۆ لە عێراق روویانداوە، بەھۆیانەوە ھەزار و ٥٢٢ کەس گیانیان لە دەستداوە و ١٠ ھەزار و ٦٧٠ کەسی تریش برینداربوون.
کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، زیادبوونی رووداوەکانی ھاتوچۆی گەڕاندەوە بۆ خراپی رێگاوبانەکان و تیژڕەوی و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق، داواشی لە حکومەت کردووە، ھەڵمەتێکی فراوان بۆ نۆژەنکردنەوەی رێگاوبانەکان دەستپێبکات.
زینە عەلی ئەحمەد نوێنەری بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا لە شاری بەغداد پڕۆژەکە بە بەھای ١٥ ملیۆن یۆرۆ دەستپێدەکات.
جێی ئاماژەیە، نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا و بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان، ھەروەھا ئەنجومەنی باڵای دادوەریی و دەستەی دەستپاکی لە کۆنگرەکەدا بەشدارن.
ئەمرۆ ھەڤاڵ ئەبوبکر پارێزگاری سلێمانی، سەردانی شاری سنەی خۆرھەڵاتی کوردستانی کرد و لەگەڵ پارێزگاری سنە کۆبۆوە، راشیگەیاند، ئامانجی سەردانەکەی بەھێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی ھەردوولایە.
بەھمەن مورادنیا پارێزگاری سنەش رایگەیاند، پەیوەندییەکانی ئێران و ھەرێمی کوردستان گرنگن و ئامانجیان بەھێزترکردنی خاڵە سنوورییەکانی بانە و مەریوانە.
ھەڤاڵ ئەبوبکر لە میانی سەردانەکەی بۆ خۆرھەڵاتی کوردستان، بەشداری کۆنفرانسێکی ئابووری لە ناوچەی ئازادی بازرگانی لە بانە دەکات و رۆژی سێ شەممەش لەگەڵ بازرگانانی ئێران کۆدەبێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ھندستان رایگەیاند ، ئاماری گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە وڵاتـەکەدا بۆ ٣٠٣ ھەزار و ٧٢٠ کەس بەرزبووەتەوە ، ئەوەش دوای ئەوەی تەنھا لە دوو ھەفتەی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ ھەزار توشبوی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە .
ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ئاماری توشبوانی کۆرۆنا لە ھندستان گەیشتووەتە ٢٦ ملیۆن و ٧٠٠ ھەزار کەس ، بەو شێوەیەش لە دوای ئەمریکا لە پلەی دوەمی وڵاتانی جیھاندایە لەرووی ئامارەکانی کۆرۆناوە .
عەباس جھانگیر وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری رزگاربووی دەستی داعش روویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە و لە کۆی سێ ھەزار و ٥٠٠ ژنە ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش، تەنھا ھەزار و ٩٠٠ کەسیان لە ناوخۆی وڵات ماونەتەوە و وەک ھاوکاری دوو ملیۆن دیناریان دەدرێتێ.
سەبارەت بە زیانە ماددیەکان وتی، ئەوانەی خانووەکانیان رووخاوە و تێچووەکەی کەمترە لە ٣٠ ملیۆن دینار ھاوکاری دەکرێن، بەڵام ئەگەر تێچوەکەی لەو بڕە پارەیە زیاتربێت داواکارییان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزدەکرێتەوە.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە زاخۆ رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای تورکیا پێنج گولە ھاوەنی ئاڕاستەی ناو گوندی "لێفان" لە سنووری ناحیەی دەرکار لە قەزای زاخۆ کرد و ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ دانیشتووانی گوندەکە دروستکرد.
ھاوکات تۆپخانەکانی تورکیا نزیکەی ٣٠ گوڵەتۆپیان ئاڕاستەی شاخی دێرێ لە ناحیەی باتیفا کرد.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، سوپای تورکیا لە سنووری زاخۆ دەیان خاڵ و بارەگا و بنگەی سەربازییان جێگیر کردووە.
ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان رایگەیاند، لە ئێستادا ٩٢٧ ھەزار و ٨١٣ ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، لەو ژمارەیە ٦٦٥ ھەزار و ٨٢٨ کەسیان ئاوارەی ناوخۆن و ٢٦١ ھەزار کەسی تریشیان پەنابەری سوریا و تورکیا و ئێران و فەڵەستینن.
ناوەندەکە راشیگەیاند، تەنھا لە ٣٠%ی ئاوارە و پەنابەرەکانی ھەرێم لە کەمپەکان دەژین و ھەموو ئەوانی تر لە شوێنی نیشتەجێبون و کۆمەڵگەی خانەخوێ دەژین، ژمارەی کەمپەکانیش ٣٦ کەمپە.
بەختیار شوکری نوێنەری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، چەندین ساڵە گەندەڵی لە عێراق سەریھەڵداوە، ناسەقامگیری وڵاتەکەش رۆڵی ھەبوە لە زیادکردنی گەندەڵیدا.
وتیشی دەستەی دەستپاکی و لایەنی دارایی دەبێت بەشدار بن لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵیدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی یەکشەممە بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق پرۆژەیەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد بە مەبەستی رووبەروبوونەوەی گەندەڵی و گەراندنەوە سەروەت و سامانی دزراوی عێراق لە دەرەوەی وڵات.
ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە" رایگەیاند، لەگەڵ ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاڤا و بە ھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ھەڵمەتێکی ئەمنییان دژی شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعش لە ریفی خۆرئاوای پارێزگای "دێرەزوور" ئەنجامداوە، لە ھەڵمەتەکە دەیان تیرۆریستی داعش لە ناوچەی "ئەلبوحەمید" دەستگیرکراون و دەستیشگیراوە بەسەر چەک و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازی ئەو تیرۆریستانە.
ئەو ھەڵمەتەی "ھەسەدە" ھاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی رووداوەکانی تیرۆرکردن لەلایەن تیرۆریستانەوە کە ئەندامانی ھەسەدە و ھاووڵاتیان و کارمەندانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دەکەنە ئامانج.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ھەولێر رایگەیاند، ھەر کەسێک ویستی گەشتی دەرەوەی وڵات بکات پێویستە ٢٤ سەعات پێش گەشتەکەی پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدات و شوێنی رەسمی وەرگرتنی سامپڵ بۆ پشکنین تەنھا بنکەی تەندروستی زانکۆ و بنکەی تەندروستی مەلا فەندی دەبێت. جەختیشی کردەوە، جگە لەو دوو شوێنە ھیچ شوێنێکی تر بە حکومی و تایبەتەوە ھەژمار ناکرێت. تەندروستی ھەولێر راشیگەیاند، شوێنی وەرگرتنەوەی ئەنجامی پشکنین لە سەنتەری داتا و زانیاری دەبێت لەناو بنکەی تەندروستی نازدار بامەڕنی.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ١٦٤ ھەزار و ٣٠٠ دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتووەتە ھەرێمی کوردستان، کە زیاتر لە ١٠٠ دۆزی بە ھاوڵاتیان دراوە، کە دەکاتە ٢.٢%ی ھاوڵاتیان و ناو تۆمارکردنیش بۆ وەرگرتنی ڤاکسین بە شێوەی ئەلکترۆنی دەبێت.
وتیشی، ئامادەکاریان کردووە بۆ دروستکردنی پاسپۆرتی ئەلکترۆنی، بۆ ئەو کەسانەی کە ھەردوو ژەمەکەی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.