عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، بەھۆی رێککارەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا پێدانی ڤیزای ئێران بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان تەنھا بۆ حاڵەتی پێویستە، بەڵام لە ھەرێمی کوردستان دەروازەکان بەڕووی ھاتوچۆی گەشتیارانی ئێران کراوەیە.
باسی لەوەشکرد، ھەرکاتێک ھاتوچۆ ئاسایی بکرێتەوە چاوەڕوان دەکەن لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزا بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بدرێت.
لەبارەی رێگەنەدان بە بردنی ئوتومبێلی ھاووڵاتیانی ھەرێم بۆ خاکی ئێران وتی، "پێشتر لە رێگەی کۆمپانیاوە مۆڵەتی داغڵبوونی ئوتومبێل بۆ خاکی ئێران بە ھاوڵاتیان دەدراو بڕی ٢٥٠ دۆلاریان لێوەردەگیرا ئەوە پارەیەکی زۆرە و لە ئێستادا کار بۆ ئەوە دەکرێت پارەکە کەمبکرێتەوە بۆ ١٠٠ دۆلار".
نەوزاد کامل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، جموجوڵی بازرگانی لە ھەرێمی کوردستان زیادیکردووە و لەشەش مانگی سەرەتای ئەمساڵ ٣٠٠ مامەڵەی بازرگانی زیاتر بووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠، ئەوەشی دەوترێت لەبارەی زیادکردنی باج دورە لە راستییەوەو ئەوەی کراوە رێکخستنەوەی باجە لە دەروازە سنورییەکان و ئەگەر ساڵانی پێشوو باج وەرنەگیرابێت ئەمساڵ رێکخستنەوەی بۆ کراوە.
راشیگەیاند، کاڵاکان لە تورکیاو ئێرانەوە داخڵی ھەرێمی کوردستان دەبن و ئاستی ھاوردەکردنیش لە ھەر چوار دەروازە سنورییەکان بەردەوامە و زۆرترین کاڵای ھاوردەکراویش بریتییە لە دەرمان، بیناسازی، خۆراک، بابەتی کشتوکاڵ و فێترنەرییە.
جەختی لەوەشکردەوە، پێدانی مۆڵەتی بازرگانی لە مساڵدا زیادیکردووەو کەمی نەکردووە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم ئاشکراشیکرد، جگە لەو مۆڵەتانەی باسمانکرد، ئەمساڵ زیاتر لە ٤٠٠ مامەڵەی بازرگانی ھاوردەکردنی ئوتومبێل ھەبووە، نزیکەی ٥٠ ھەزار ئۆتۆمبێل ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان.
لە بڕیارێکی نوێدا بافڵ تاڵەبانی فەرمانی کردووە، سەرجەم ئەو ناسنامە ساختانەی لەلایەن دژەتیرۆرەوە دەرکراون ھەڵبوەشێندرێنەوە و ھەرکەسێک بە یاسایی لەدەزگای دژەتیرۆر کارمەند نەبووبێت و سودمەند بووبێت لە زەوی و ئۆتۆمبێل و چەک، بۆ مەرامی شەخسی و یاساشکێنی ئیمتیازاتی پێدرابێت لێی وەربگیرێتەوە.
ھەر بەپێی بڕیارەکە ھەرکەسێکیش پابەند نەبێت ڕوبەڕووی دادگا دەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە بەبڕیاری چەند کەسێک زیاتر لە ١٢ ھەزار ناسنامەی دژەتیرۆر بە نایاسایی دروستکراوە، کە بۆ مەرامی تایبەتی و چەندین کاری نایاسایی و یاساشکێنی بەکارھێنراون.
بڕیارەکەی ھاوسەرۆکی یەکێتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ناسنامەی نوێ بە دیزاینێکی نوێ بۆ ھێزەکانی دژتیرۆر دروست دەکرێت و سەرجەم ئەو ناسنامانە پێشتر وەردەگیرێتەوە و رادەگیرێت.
ھاوپەیمانیی نیشتمانیی ھێزە شۆڕشگێرەکانی سوریا کە نوێنەرایەتی زۆرینەی گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان دەکەن، کاردانەوەی نیشاندا بەرامبەر کۆبوونەوەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا، لەگەڵ ئەندامانی وەفدی ئیدارەی خۆسەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، و ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ئەو ھەنگاوە کردنەوەی دەرگایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پەیەدە.
ھاوپەیمانیی نیشتمانیی ھێزە شۆڕشگێرەکانی سوریا ئەوەشیان رایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە پێشێلکارییە بەرامبەر یەکپارچەیی خاکی سوریا.
جاسب حەجامی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرخ لە بەغداد رایگەیاندوە، بەھۆی زیادبوونی ئامارەکانی کۆرۆنا و پابەند نەبوونی ھاوڵاتیان بە رێنماییە تەندروستییەکان، رەوشەکە بەرەو ئاڵۆزبون دەچێت بەتایبەتی ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەھۆی کۆرۆناوە لە زیادبووندان.
سەباح موسەوی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای کەربەلاش رایگەیاندوە، پێویستە ھاوڵاتیانی عێراق زیاتر روو لە بنکە تەندروستییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا و پابەندی رێنماییەکان بن، چونکە ئەگەر رەوشەکە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و ئامارەکان لە بەرزبونەوەدا بێت، لە عێراق کارەسات دروست دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، سەڕەرای توندکردنەوەی تەواوی رێکارەکان لەسەر سنوری ئێران، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا ھەزاران کۆچبەری ئەفغانی بە نایاسایی خۆیان گەیاندۆتە تورکیا، ئەوەش دوای ئەو رەوشە سیاسی و سەربازییەی لەو وڵاتە دەگوزەرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێشبینی دەکرێت لەماوەیەکی زۆر کورتدا زیاتر لە یەک ملیۆن ئەفغانی وڵاتەکەیان بەجێبھێڵن و رێگەی کۆچ بگرنەبەر.
دەشڵێت، رۆژنە ھەزار بۆ ھەزار و ٥٠٠ ئەفغانی ھەوڵ دەدەن لە سنوری ئێرانەوە بپەڕێنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر سنوری نێوان ھەردوو وڵات بەربەستێکی کۆنکرێتی دروست دەکرێت.
لەدواین پەیامیشیدا لەبارەی کۆچبەرانی سوری، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، تا ئاکپارتی لە دەسەڵات بێت، بەھیچ پەنابەرێکی سوری ناوترێت، بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەنجومەنی کۆمسیاران تۆماری کۆتایی دەنگدەرانی گشتی پەسەندکرد، بە پێی تۆمارەکە کۆی گشتی دەنگدەران بریتییە لە ٢٤ ملیۆن و ٢٩٩ ھەزار و ٢١ دەنگدەر، کە کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.
بەپێی راگەیەنراوەکە، دەنگدەرانی لە دایکبووی ساڵی "٢٠٠٢ و ٢٠٠١ و ٢٠٠٣"ش پەسەندکراون، ئەوانیش ژمارەیان ٩٨٨ ھەزار و ٤٣٥ دەنگدەرە، ھاوکات ژمارەی گشتی دەنگدەرانی تایبەتیش بریتییە لە ١٩٥ ھەزار و ٨٥٣ دەنگدەر، ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ دەنگدەری ئاوارە و پەنابەرانیش دەستنیشانکراوە.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی پارێزگای خوزستانی باشوری خۆرئاوای ئێران ماوەی ھەفتەیەکە دژی نەبوونی ئاو و کارەبا دەستیپێکردوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، لەنزیکەوە چاودێری خۆپیشاندانەکان دەکات بەتایبەتی تەقەکردنی ھێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندەران.
رونیشیکردۆتەوە، پێویستە ئێرانییەکان توانای ئەوەیان ھەبێت بەئازادی گوزارشت لەخۆیان بکەن بەبێ ترس و توندوتیژی و دەستگیرکردن.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە دواین خولی دانوستانەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن، رێککەوتن لەسەر دانانی خشتەیەک بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق دەکرێت، بە جۆرێک ھەردولا دەگەڕێنەوە بۆ رێککەوتننامەی ساڵی ٢٠٠٨.
وتیشی، بەغداد پێویستی بە ھێزی شەڕکەری بیانی نییە، بەڵام پێویستی بە ھاوکاری و پشتیوانی لۆجستی و ھەواڵگری ھاوپەیمانان و ئەمریکا ھەیە، بەتایبەتی ھێشتا داعش ھەڕەشەی جدییە لەسەر سەقامگیری ئاسایشی عێراق.
تایبەت بە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی، لە رۆژی ٢٦ی ئەم مانگە بۆ ئەمریکا و ئەنجامدانی دیالۆگی ستراتیژی، وەفدێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ئەمریکایە.
سەرچاوەکانی ھەواڵی چین ئاشکرایان کردوە، تا ئێستا تەرمی ٣٣ کەس دۆزراوەتەوە بەھۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و ھەشت کەسیش بێ سەرو شوێنن.
شەپۆلی لافاوەکە کاریگەری لەسەر نزیکەی سێ ملیۆن کەس دروستکردوە، ٣٧٦ ھەزار کەسیش لە ناوچەکانیان گواستراونەتەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان، بە وتەی لێپرسراوانی چین، جگە لە زیانە گیانییەکان لافاوەکە زیانی ماددی ھەبوە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن زانکۆی جۆنز ھۆپکنزی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئامارەکانی کۆرۆنا لە جیھاندا گەیشتۆتە ١٩٢ ملیۆن و ٨٩٩ ھەزار و ٤٤ کەس و کۆی گشتی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتۆتە ٤ ملیۆن و ١٤٣ ھەزار و ٧٦٤ کەس.
تا ئێستاش ئەمریکا لە پلەی یەکەمی وڵاتانی جیھاندایە لە رووی ئامارەکانی کۆرۆناوە و زیاتر لە ٣٤ ملیۆن و ٢٢٦ ھەزار کەس لەو وڵاتە توشی کۆرۆنا بون و ٦٠٩ ھەزار و ٨٦١ توشبوی ڤایرۆسەکەش لە ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە، بەرازیلیش لە پلەی دوەمی وڵاتانی جیھاندایە و ئامارەکانی گیانلەدەستدان بەھۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتە ٥٤٥ ھەزاری تێپەڕاندوە، ھندستانیش لە پلەی سێیەمی وڵاتانی جیھاندایە و کۆی گشتی حاڵەتەکانی توشبوون لەو وڵاتە ٣١ ملیۆنی تێپەڕاندوە و لەو ژمارەیە ٤١٨ ھەزار و ٤٨٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی سۆران رایگەیاند، لە رۆژی پێنج شەممەوە ٢٢ی تەمموز رێگەی سەرەکی کەمەربەندی سۆران، بە ھۆی مەترسی رۆچونی زەوییەکەی، بە رووی شۆفێران و ھاوڵاتیاندا دادەخرێت، داوا لە شۆفێرانیش دەکات لە بری رێگەی کەمەربەندی سۆران، شەقامی کاوە "حریق" بۆ ھاتووچۆکردن بەکاربھێنن.
ئەوەش لە کاتێکدایە ماوەی چەند رۆژێکە درزێکی گەورە لە پشت رێگەی کەمەربەندی سۆران دروستبووە، کە رێگەیەکی سەرەکی بارزگانیی و گەشتیارییە، بارھەڵگرەکانی نێوان ھەولێر و پیرانشار ئەو رێگەیە بۆ ھاتووچۆکردن بەکاردەھێنن.
سەبارەت بە کاری قاچاخچێتی لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان "عەلی حەمەساڵح" ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە ئێستادا رەوشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی باشە و قاچاخچێتی تێدا نەماوە، لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخیش قاچاخچێتی کەمی کردووە.
راشیگەیاند، کاری قاچاخچێتی بەتەواوی رانەگیراوە، بەڵام بە رێژەیەک کەمیکردوە، چەند ھەفتەیەکی تر چاوەڕوان دەبن تا بەتەواوی ئەو کارە لە دەروازەکان کۆنترۆڵ دەکرێت و کۆتایی پێدەھێنرێت.