تیمی پارێزەرانی بەدەل بەرواری چالاکوانی بادینان لە نامەیەدا بۆ سەرۆک و ئەندامانی دادگای تاوانی دووی ھەولێر داوا دەکەن، بەھۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر ماوە بۆ رۆژی دادگایکردنەکەی، لە ئێستاشدا رەوشی تەندروستی باش نییە و کێشی دابەزیووە، بڕیاربدەن بەپێشخستنی دادگایکردنەکەی بەدەل بەرواری بۆ رۆژێکی تر.
بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوزیش لە ئێستادا، سەرۆکی دادگای تاوانی دووی ھەولێر داوای بۆچونی ئەندامەکانی کردووە بۆ پێشخستنی دادگاییکردنەکەی.
بەدەل بەرواری لە ١٥ی ئایار ٢٠٢٠، لە پارکی ئازادی شاری دھۆک بەبیانوی رێکخستنی خۆپیشاندانی مامۆستایان دەستگیرکرا، ٢٩ی تەمموزی ٢٠٢١ یش یەکەم دادگایی بەڕێوەچوو، رۆژی ٣٠ ی ئەیلولی ٢٠٢١ یش بۆ دادگایکردنی دووەمی دیاریکراوە.
د. بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسایی بودجەی عێراق نوسراوی رەسمییان بۆ حکومەتی فیدراڵی کردوە، پەلە بکات لە جێبەجێکردنی یاساکە، چونکە لە دواکەوتنی جێبەجێکردنی یاسایی بودجە خەڵک زەرەرمەند دەبێت و پڕۆژەکانیش دوادەکەون.
سەبارەت بە ناردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناریش بۆ ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو لیژنە ھونەرییانەی لە نێوان بەغداد و ھەرێمی کوردستان دەست بەکاربوون بۆ ووردبینیکردن لە داھاتە نانەوتییەکان، بەڵام تائێستا کارەکانیان تەواو نەکراوە، حکومەتیش بڕیاریداوە تا کارەکانی ئەو لیژنەیە تەواو دەبێت مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار وەک پێشینە رەوانەی ھەرێم بکات.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٣٢٢٠ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٤ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٧٥٤ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
لە ھەڵمەتێکدا شارەوانی سلێمانی ھەستاوە بە تازەکردنەوە و بۆیاخ کردنی شەقامەکان و ھەڵمەتەکەش شەقامی بازنەیی مەلیک محمود دەگرێتەوە لەگەل پاکردنەوەی شەقام و بلوارەکان و چاکردنەوەی نافورەکان.
ھاوکات بۆردی بەرێوەبەرایەتی باخچەکان ھەستاون بە ناشتنی (نەمام و دار) لە شەقامی دەروازەی شاری سلێمانی بە پێی ئەودەرخستەی بۆی کراوە سەرجەم ئەودارانەی وشک بووە ( دار و نەمامی) تازە لە شوینی دەنێژریت.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە ئەو جوانکارییەی کە بۆ شاری سلێمانی ئەنجام دەریت سەرجەم شەقامە سەرەکییەکان دەگریتەوە ھەر لە شەقامی تاسلوجە سلێمانی و تا ناو شار، بە تەواو بوونی ئەم پڕۆژەیە سلێمانی سیمایەکی جوانی دەبێت.
بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتی کۆمەڵایەتی کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، یەکێتی بە ڕێزێکی زۆرەوە لە مێژووی خەبات و قوربانیدانی عەشیرەتەکانی کوردستان دەڕوانێت و ئەوان داینەمۆی شۆڕش و پێشەنگی گیانفیدایی بوون لە پێناو کوردستان و یەکێتییەکەی مام، ئێمە ئەو مێژووە درەوشاوەیەی ئێوە لەبیرناکەین.
لە بارەی گۆڕانکارییەکانی نێو یەکێتییەوە بافڵ تاڵەبانی وتی، ھەر بڕیارێک درابێت لە پێناو چاکسازی و بەرژەوەندی گشتیدا بووە و خەڵکی خۆشەویستی سنووری سلێمانی و ھەرێمی کوردستان سوودمەندی یەکەم دەبن و ئاشکراشیکرد، گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن و دەمانەوێت ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ خەڵکەکەمان دەستەبەر بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین.
جەختیشیکردەوە نابێت ھیچ کەسێک لە سەروو یاساوە بێت و پێویستە ھەمووان ھەست بە ئارامی و سەلامەتی بکەن و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بە ئەرکی خۆمان دەزانین.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد وەک چۆن لە ڕابردوودا ھاوکار و پشتیوانی یەکێتی بوون، داواتان لێدەکەین ئێستاش بە ھەمان ڕۆحییەتەوە لەگەڵمان بن و پێکەوە ھەنگاو بەرەو سەرکەوتن بنێین.
دڵنیاییشی دایە ئامادەبووان کە چیتر دەستەگەری و کارکردن لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی قبوڵ ناکەین. لێدان لە سەروەری یاسا و سیخووڕیکردن بەسەر کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکەوە بنبڕ دەکەن و ھیچ کەسێکیش نابوورن و ڕادەستی دادگای دەکەن.
لای خۆشیانەوە سەرۆک عەشیرەت و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان ڕایانگەیاند، ئێمە لە ڕابردوودا پشتیوانی یەکێتی و سەرۆک مام جەلال بووین، لە داھاتووشدا ھەروا دەبین.
داواکارین یەکێتی بە ھەمان ڕۆحییەتی مام-ەوە بەردەوام بێت لە خەبات و لەناو خەڵکدا بێت. پشتیوانتان دەبین بۆ چاکسازی و ھەمووان پێکەوە بە ئاڕاستەی ژیانێکی ئارام ھەنگاو دەنێین و بەھا باڵاکانی کوردەواری دەپارێزین.
ڕیاز عەبدولئەمیر بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، بەھۆی ئەوەی لەلایەن ڕێکخراوی تەندورستی جیھانی ڕێنمایی دەرنەچووە بۆ ئەوەی منداڵان بە ڤاکسین بکوترێن ھەر بۆیە ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە عێراق لە ناو منداڵاندا زیادیکردووە.
وتیشی، ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لەناو منداڵانی عێراق لە ٦٪ بۆ ٧٪ بەرزبووەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ھەر یەک ھاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر و ھاوپەیمانی مینبەری عێراقی بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی و بەرەی حیواری وەتەنی بە سەرۆکایەتی ساڵح موتلەگ و حزبی تەجەموعی جمھوری بە سەرۆکایەتی عاسم جەنابی ڕایانگەیاندووە بەشداری لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی عێراق ناکەن.
بەڵام تا ئێستا ئەو حزبانە بە ڕەسمی داواکاری کشانەوەی خۆیان لە ھەڵبژاردنەکە پێشکەش بە کۆمسیۆن نەکردووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە ڕۆژی چوار شەمممە پۆلیسی تورکیا لە نێو دارستانێکدا لە سنووری پارێزگای کۆنیا بە فەرمانی داواکاری گشتی تۆمەتباری خێزانە کوردەکەی کۆنیایان دەستگیر کرد، کە ھەفتەی ڕابردوو ھێرشی کردە سەر خێزانێکی کورد و حەوت ئەندامی خێزانەکەی تێرۆر کرد، لەو خێزانەش تەنیا کەسێک دەربازی بووە، کە ئەویش لە ئەوروپا دەژی.
ئیسڕائیل لە بارەی دەستبەکاربوونی ئیبراھیم ڕەئیسی وەک ھەشتەمین سەرۆک کۆماری ئێران ھەڵوێستی خۆی ڕایگەیاند و باڵیۆزی وڵاتەکەی لە واشنتۆن دەڵێت، دەستبەکاربوونی ڕەئیسی وەک سەرۆک کۆماری ئێران دەبێتە ھۆی زیادبوونی توندوتیژی لە ناوچەکەدا.
جلعاد ئاردان باڵیۆزی ئیسڕائیل لە واشنتۆن ڕایگەیاندووە، ئیبراھیم ڕەئیسی بەرپرسە لە دەستگیرکردن و لە سێدارەدانی دەیان ھەزار کەس، ھەر بۆیە دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری ئێران نائارامی بەدوای خۆیدا دەھێنێت و دەبێتە ھۆی زیادبوونی توندوتیژی لە ناوچەکە.