زنجیرەی مێژوویی "معاویە" كە لە مانگی رەمەزاندا لە كەناڵی ئێم بی سی یەوە پەخش دەكرێ رووبەڕووی رەخنەی زۆر بۆتەوە و رەخنەگران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زنجیرەكە هەڵەی مێژوویی تێدایە.
زنجیرەی معاویە كە بە بودجەیەكی زەبەلاح بەرهەمهێنراوە و 100 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، باس لە ژیانی معاویەی كوڕی ئەبو سوفیان دەكات، كە یەكێكە لە هاوەڵەكانی پێغەمبەری ئیسلام درودی خوای لەسەر بێ، زنجیرەكە مشتومڕێكی زۆری لە عیراق و هەروەها لە ئێرانیش بەدوای خۆیدا هێناوە، و پەخشكردنی لەو دوو وڵاتە قەدەغە كراوە. رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی لە راپۆرتێكیدا لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوەكردووە زنجیرەكە كە بڕی 100 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بە پڕخەرجترین درامای عەرەبی دادەنرێ كە تائێستا بەرهەمهێنرابێ، رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە زنجیرەكە جەخت لەو دابەشبوونە دەكاتەوە كە لە سەدەی حەوتەمی زایندا لەنێوان هەردوو ئاینزای شیعە و سونەدا هاتە كایەوە كە دابەشبونێكی ئاینی سیاسی بوو و تائێستاش ئاسەوارەكانی بەردەوامە.
زنجیرەكە چەندین دیمەنی جەنگ و رووبەڕووبونەوەی سەربازی لەخۆدەگرێت، هەروەها ئەم زنجیرەیە لە چوارچێوەی بەرنامەكانی مانگی رەمەزاندا پەخش دەكرێ.
زنجیرەی معاویە دیمەنەكانی لە تونس وێنەی گیراوە و كاستێكی گەورە لە وڵاتانی عەرەبیەوە كارەكتەرەكانی بەرجەستە دەكەن. وابڕیار بوو زنجیرەكە ساڵی 2023 پەخش بكرێ بەڵام بەهۆی ئەو نیگەرانیانەوە پەخشكردنی بۆ ئەمساڵ دواخرا.
لەلایەكی ترەوە یەكێك لە زانایانی زانكۆی ئەزهەر لە میسر لەوبارەیەوە وتوویەتی بەرجەستەكردنی كارەكتەری معاویە رێگەپێدراو نییە و زانایەكی تریش ئەو بابەتەی بە گوناه لەقەڵەمداوە. بەڵام لە سعودیە كە بە قۆناغێكی كرانەوەی كۆمەڵایەتیدا تێدەپەڕێ رەخنەكان كەمڕەنگ تر بوون.
پێشتریش بەرهەمە تەلەفزیۆنیەكانی ئێم بی سی مشتومڕسازبوون، دیارترینیان زنجیرەی عومەر بن خەتاب بوو كە پەخشكردنی لە كاتی خۆیدا لەلایەن موفتی شانشینی سعویەوە سەركۆنە كرا.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و پرسی دامەزراندن و لێخۆشبوون لە بەشێك لە قەرزی شۆفێران تاوتوێ دەكرێت.
بەپێی كارنامەی كۆبونەوەكە، لە بڕگەی یەكەمی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیراندا پێشنیاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ درێژكردنەوەی بڕیاری پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە داشكاندنی ڕێژەی 20%ی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی 6 مانگی دیكە تاووتوێ دەكرێت.
لە بڕگەی دووەمیشدا یەكلاییكردنەوەی كێشەی دامەزراوان لەسەر میلاكی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێم بە هەمیشەیی و گرێبەست تاووتوێ دەكرێت كە لە مانگی 7ی 2024وە مووچەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ نەبەستراوە بەهۆی جێگیرنەبوونی میلاكی مانگی تەمووز لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
هەروەها لە بڕگەی سێیەمدا بابەتی دەرچوانی ساڵی 2024 ی كۆلێژی پزیشكیی گشتیی زانكۆ حكومییەكان تاووتوێ دەكرێت .
لە ئێران و شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئاهەنگەكانی چوارشەممە سوریی، بەهۆی بەكارهێنانی یارییە ئاگرینەكان 14 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە دوو هەزار و 500 كەسیش برینداربوون.
جەعفەر مەیعادفەر، سەرۆكی رێكخراوی فریاگوزاریی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، لە ئاهەنگەكانی دوایین چوارشەممەی ساڵی هەتاوی كە بە چوارشەممە سوریی ناودەهێنرێت، بەهۆی بەكارهێنانی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەكان لانیكەم 14 كەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و 660 كەسیش برینداربون و 157 كەسیش كەمئەندام بون.
بە وتەی مەیعادفەر، زۆرترین كەس لە تارانی پایتەخت و پارێزگای ورمێ برینداربوون.
وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت، سبەینێ چوارشەممە موچەی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دابەشدەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، سبەینێ چوارشەممە ( ١٩ ی ئازاری ٢٠٢٥ ) موچەی مانگی شوباتی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و موچەی مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥ و کرێی وانەبێژی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٤ ی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک دابەشدەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی چوار شەممە ١٩ی ئازاری ٢٠٢٥ موچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٥ـی مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت، کە سەرجەمیان تەمویلیان لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت.
دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە ئازادكردنی ئەو مامۆستایەی كە تۆمەتباركرابوو بە بردنی كێك و پسكیت بۆ پەكەكە.
پارێزەر بەشدار حەسەن بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، مامۆستا لوقمان برادۆستی ئەو كەسەی تۆمەتی ئەوەی درابووە پاڵ كە سێ كارتۆن كێك و پسكیتی بۆ پەكەكە بردووە، دوای ساڵێك و چوار مانگ لە زیندانیكردنی لە چاكسازی گەورانی هەولێر، ئازاد كرا.
وتیشی، دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئازادكردنی مامۆستا لوقمانی دا لەگەڵ لابردنی سەرجەم تۆمەتەكانی سەری و لە ئێستادا سەرقاڵی رێكارە یاساییەكانن بۆ ئەوەی تەواویان بكەن و ئازادبكرێت.
راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی كێشەیەكی تەكنیكییەوە، هاتووچۆی سنووریی نێوان هەرێم و توركیا راگیرا.
بەشی پەیوەندییەكان و راگەیاندنی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە دەروازەی خابوور بەهۆی دروستبوونی كێشەیەكی تەكنیكی لە سیستەمی پاسپۆرت-دا هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لەنێوان هەردوو دەروازەی ئیبراهیم خەلیل و خابوور-دا راگیرا.
باسی لەوەشكردووە، تیمە تەكنیكییەكان لە هەوڵذان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ لە دەباشان پێشوازی لە بەڕێز شێخ مادح شێخ عوسمان نەقشبەندی، کەسایەتی دیاری ئاینیی کوردستان و سەرپەرشتیاری خانەقاکانی نەقشبەندی کرد.
لە دیدارەکەدا، کە شێخ ئەحمەد حەمە کەریم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی تێیدا ئامادەبوو، جەختکرایەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی گیانی پێکەوەژیانی ئاینی و ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و پێکهاتەکان، هەروەها پاراستنی بەها باڵا و پیرۆزەکانی ئاینی ئیسلام. هەروەها باس لە یەکخستنی هەوڵەکان کرا لەپێناو برایەتی و یەکڕیزی گەلی کورد و زیاتر خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵک.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە گرنگییەوە ئاماژەی بە رۆڵی ئەرێنیی شێخانی نەقشبەندی و مورید و شوێنکەوتووانیان کرد لە کاری چاکەکاری، خواپەرستی و بەهێزکردنی بیروباوەڕی میانڕەوی و پێکەوەیی رێبازەکان.
سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە چاوی ڕێزەوە لە تەریقەت، پیاوچاکان، زانایان و مامۆستایانی پایەبەرزی ئاینی، خانەقا و تەکێکان دەڕوانێت کە لە هەموو قۆناغەکاندا خزمەتی بەرچاویان بە گەلەکەمان و شۆڕشی کوردایەتی کردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە رێبازی نەقشبەندییەکان خاوەن تەریقەتێکی مرۆڤ دۆستانە و کراوەن کە چاکەیان بەسەر هەمووانەوە هەیە و بە پێزانینەوە لێیان دەڕوانرێت.
لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی رەسمی یەکێتی، پێشوازی کرد لە وەفدێکی یونامی بە سەرپەرشتی فرانسیک لاناو، بەرپرسی یونامی لە هەرێمی کوردستان و مۆنیا رادزی مۆتسی، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی یونامی لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخی سیاسی، ئابووری و سەربازی عێراق و کوردستان و ناوچەکەیان بەگشتی تاوتوێکرد. بەتایبەتی، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە نۆڤەمبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، خرانە بەر باس.
هەروەها، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی سوریاش لە دیدارەکەدا تاوتوێکران.
وەفدی دەم پارتی داواكاری بۆ دیداری ئۆجەلان پێشكەشكرد و داوا دەكات پێش جەژنی نەورۆز دیدارەكە ئەنجام بدرێت.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان"دەم پارتی"رایگەیاند، بۆ ئەوەی پێش جەژنی نەورۆز دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی"پەكەكە"ئەنجام بدەن، وەفدی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی وەزارەتی دادی توركیای كرد و داواكارییان پێشكەشی وەزارەتی داد كرد.
ئەوەش لە كاتێكدایە دوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی رابردوو، وەفدی دەم پارتی سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆسەی ئاشتی، زنجیرەیەك كۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكان و خەڵك ئەنجامداوە، بڕیارە لە دیداری داهاتوودا ئەنجامی كۆبونەوەكان بگەیەننەوە بە عەبدوڵا ئۆجەلان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ئیدارەکەی نزیکەی 80 هەزار لاپەڕە لە فایلەکانی پەیوەست بە تیرۆرکردنی جۆن ئێف کەنەدی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 1963 بڵاودەکاتەوە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا ترەمپ فەرمانێکی ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵی کرد کە تیایدا هاتووە، تۆمارەکانی پەیوەست بە تیرۆرکردنی کەنەدی و رۆبێرت کێنەدی برای و مارتن لۆسەر کینگ، کە لە ساڵی 1968دا کوژران، بڵاودەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سەنتەری کەنەدی لە واشنتۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "خەڵک دەیان ساڵە چاوەڕێی ئەمە دەکەن، زۆر کاریگەردەبێت". FBI لە سەرەتای مانگی شوباتدا رایگەیاندبوو، هەزاران بەڵگەنامەی نوێیان دۆزیوەتەوە کە پەیوەندییان بە تیرۆرکردنی کەنەدییەوە هەیە.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ترەمپ بەڵێنیدا دوایین بەش لەو بەڵگەنامانەی کە تا ئێستا بەنهێنی ماونەتەوە، لە پرسی تیرۆرکردنی کەنەدی بڵاوبکاتەوە. ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا بەڵێنێکی هاوشێوەی دابوو، بەڵام لە ژێر فشارەکانی FBI و CIA دا رازیبوو بۆ ئەوەی هەندێک بەڵگەنامە بە نهێنی بهێڵنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ترەمپ کوڕەزای کەنەدی بەناوی رۆبەرت ئێف، کاندید کرد، بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری تەندروستی لە ئیدارە نوێیەکەیدا. باوکی کەنەدی، ڕۆبەرت ئێف کەنەدی، لە ساڵی 1968 تیرۆرکرا.
بایۆگرافیا و گرنگترین وێستگەکانی ژیانی جۆن کەنەدی:
جۆن فیتزجێراڵد کەنەدی ساڵی 1917 لە خێزانێکی ناوداری ئەمەریکا لەدایک بووە. باپیری سەرۆکی شارەوانی بۆستن بووە. باوکیشی بزنسمانێکی دیار و دواتریش باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە لەندەن.
ساڵی 1939 بۆ یەکەمجار چووەتە ناو سیاسەت و وەک یاریدەدەر لە نووسینگەی باوکی کاری کردووە.
خوێندنی لە زانکۆی ھارڤارد تەواو کردووە.
لە جەنگی جیھانی دووەمدا وەک مولازم لە ھێزی دەریایی وڵاتەکەی خزمەتیکردووە.
لە ساڵی 1953 بووەتە سیناتۆر.
ھەمان ساڵ لەگەڵ جاکویلین بۆوڤییەر کە لە خێزانێکی ئەرستۆکرات و بەناوبانگی ئەمەریکا بووە ھاوسەرگیری کردووە.
ئەستێرەی کەنەدی تا دەھات دەگەشایەوە ساڵی 1960 لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە "ریچارد نیکسن"ی بردەوە و بووە گەنجترین سەرۆکی ئەمەریکا.
لە سەردەمی کەنەدی دیبەتی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد و یەکەم دیبەیتیان 70 ملیۆن ئەمەریکایی سەیریان دەکرد، تا ئێستاش دیبەتی سەرۆکایەتی بووەتە نەریتێکی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
کەنەدی زۆر گرنگی بە گەنجان دەدا و لە یەکەم گوتاریدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا بەشێکی قسەکانی بۆ نەوهی داھاتوو گەنجان تەرخانکرد.
خۆی و ژنەکەی بوونە خۆشەویسترین سەرۆک و خانمی یەکەمی ئەمەریکا.
لەو سەردەمەدا ململانێکان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و کوبا و ڤێتنام گەیشتنە لوتکە، لەگەڵ سۆڤیەت مەترسی جەنگی ئەتۆمیش لە ئانوساتدا بوو.
ساڵی 1963 لەگەڵ مارتن لوسەر کینگ پارێزەر و چالاکوانی رەش پێستەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆبوویەوە.
تشرینی دووەمی 1963 وەک ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی 1964 کەنەدی تهمهن 46 ساڵ سەردانی تێکساس دەکات.
لەسەر داواکاری سیاسیەکانی پارتەکەی سەقفی لیمۆزینەکەی لادەبات و 22ی تشرینی دووەمی 1963 سەردانی داڵاس دەکات.
لەگەڵ خانمی یەکەمی ئەمریکا جاکویلین لە پشتەوە دادەنیشن و سڵاو لە ئاپۆرای خەڵکی دەکەن.
کاتژمێر 12:30 نیوەڕۆی ھەمان رۆژ لە شەقامی ئی ئێڵ ئێم تەقە لە کەندی دەکرێت.
دوای نیو سەعات لە نەخۆشخانەی پارکلاندەوە ھەواڵی گیان لەدەستدانی جۆن کەنەدی سەرۆکی ئەمریکا راگەیهندرا.
لیی ھارڤەی ئاسوۆڵد ئەو کەسەی کەنەدیی تیرۆر کرد، پێش دادگاییکردنی لەلایەن جاک رەبیەوە دەکوژرێتەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو "ساریا سۆفی حسێن" دایکی "نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوهدار ئامێدی"ەوە پرسەنامەیەکی ئاڕاستەکردن و رایگەیاند: "لەناخی دڵمانەوە پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و کەسوکار و خانەوادە تێکۆشەر و ماندونەناسەکەتان دەکەین ".
دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:
هەڤاڵ نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی
هەڤاڵ گۆهدار ئامێدی
بۆ کۆچی دوایی خاتوو ساریا سۆفی حسێن دایکی بەڕێزتان، لەناخی دڵمانەوە پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و کەسوکار و خانەوادە تێکۆشەر و ماندونەناسەکەتان دەکەین
لە یەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی بە گشت لایەکتان ببەخشێت
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو "ساریا سۆفی حسێن" دایکی "نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کاک گوهدار ئامێدی"ەوە پرسەنامەیەکی ئاڕاستەکردن و رایگەیاند: "بۆ ئەم لەدەستدانە هاوخەمتانم، لەخوای گەورە داواکارین ئەمە دواناخۆشیتان بێت و گیانی کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شادبکات".
دەقی پرسەنامەکە:
هەڤاڵانی ئازیزمان کاک نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کاک گوهدار ئامێدی
بەداخ و خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو(ساریا سۆفی حسێن)دایکی بەڕێزتانمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوەو کەسوکارو بنەماڵە سەربەرزو تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەیەکی هەرەباڵان لە خەبات و تێکۆشاندا.
بۆ ئەم لەدەستدانە هاوخەمتانم، لەخوای گەورە داواکارین ئەمە دواناخۆشیتان بێت و گیانی کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شادبکات.
ئارامی و سەبووریش بەهەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وابڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر کۆببنەوە و باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم بکەن.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند: مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە و لە كۆبوونەوەكەدا پێكهێنانی حكومەتی نوێ تاوتوێ دەكرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لەدوای کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بەرزانی دێت لە پیرمام.
عماد حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ ئێمە ئاگادارکراینەوە بە حاڵەتێکی کوشتن لە کەمپی ماملیان و دوای گەیشتنی تیمەکانمان بۆ شوێنی رووداوەکە، ئاشکرا بوو کە ژنێکی 29 ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێنراوە."
بەپێی زانیارییەکان، تەرمی قوربانییەکە بۆ پزیشکی دادی دهۆک رەوانەکراوە بۆ پشکنینی پێویست و دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی مردنەکەی.
عیماد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد؛ کە تۆمەتبارەکە تەمەنی 37 ساڵە، دەستبەجێ دەستگیرکراوە و بەپێی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە .
کەمپی ماملیان یەکێکە لە کەمپەکانی ناوچەی ئاکرێ کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لەخۆ دەگرێت.
بۆ دووەمین جار لە ماوەی هەفتەیەكدا، نرخی زێڕ ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد و ئۆنسەیەك گەیشتە سەروو سێ هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی جیهاندا، نرخی زێڕ 0.2% بەرزبووەوە و گەیشتە سێ هەزار و هەشت دۆلار، لە ئەمریكاش بەڕێژەی 0.4% بەرزبوونەوەی تۆمار كرد و ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە سێ هەزار و 17 دۆلار.
ئەمە دووەمین جارە لە ماوەی هەفتەیەكدا كە نرخی زێڕ بگاتە ئاستی پێوانەیی، بەشێوەیەك رۆژی هەینی ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە سێ هەزار دۆلار.
ئەمساڵ لە دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، بەهای زێڕ زیاتر 14% بەرزبووەتەوە، ئاڵۆزییە بازرگانییەكانیش داواكاری لەسەر زێڕ زیاتر كردووە.
لە هەرێمی كوردستانیش، زێڕی عەیارە 18 گەیشتووەتە 533 هەزار و عەیارە 21یش بە 621 هەزار و عەیارە 24 بە 709 هەزارە.