میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکرد،"ئەحمەد حەسەن" رۆژنامەنووس و بەرپرسی پەیامنێرانی کەناڵی فورات نیوز، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە پارێزگای دیوانیە، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەی لێکراوە، دوو فیشەکە بەر سەری کەوتوون و بەسەختی برینداربووە، بەھۆی سەختی برینەکەشی ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری بەغداد کراوە و نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ ئەنجامدراوە.
ھەوڵی تیۆرکردنی ئەو رۆژنامەنووسە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە لە کەربەلا چالاکوانێکی مەدەنی دیاری ئەو شارە، لەلایەن کەسانی نەناسراوە تیرۆر کرا، موقتەدا رەوتی سەدریش لە تویتێکدا رایگەیاند، تیرۆرکردن کارێکی ترسنۆکانەیە، داواشی لە حکومەت کرد، بەزووترین کات لیژنەیەکی لێکۆڵینەو پێکبھێنێت.
"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی "یاھو نیوز" لەسەر کوژرانی "قاسم سولەیمانی" ڕایگەیاند، ڕەوتی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوشتنی "سولەیمانی" لە دەزگای دادی ئێران وناوەندە نێودەوڵەتییەکان و دانوستانی دوو لایەنەی سیاسی و یاسایی و ئەمنی لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوامە.
وتیشی،ھەڵسەنگاندن بۆ زۆربەی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە لە بارەی ئەو ڕووداوەوە بڵاودەکرێنەوە و ھەر کەسێک ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لە ھەر وڵاتێک دەستی لە کوشتنی "سولەیمانی" ھەبوبێت، سزا دەدرێن.
ئاژانسی "ئەسیۆشەیتد پرێس" لە زاری لێپرسراوێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئاشکرایکردوە ، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و لە دوای وەرگرتنی وتەی ئەو کەسانەی لە کەشتیەکەدا بون ، دەرکەوتوە کە ئەو کەشتیە پر لە چەکەی لە دەریای عەرەب دەستی بەسەردا گیرا لە ئێرانەوە چەکی بۆ حوسییەکانی یەمەن گواستۆتەوە .
ڕۆژی یەکشەممە ھێزی دەریایی ئەمریکا لە دەریای عەرەبدا دەستی بەسەر کەشتییەکی پر لە چەکدا گرت کە بەرەو یەمەن ئاراستەکرابوو . بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ھێزی دەریایی ئەمریکا ، کەشتییەکە چەندین جۆر چەکی تێدابووە وەک کڵاشینکۆف و موشەک ھاوێژ و نیشانەشکێن .
ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: ھێزەکانیان بە بەشداری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، رۆژی یەک شەممە ئۆپراسیۆنێکی ئەمنیی و سەربازیی فراوانیان لەناوچەی دۆڵی عەجیج لە ریفی دێرەزوور، دەستپێکردووە.
بە پێی راگەیاندراوەکەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ئامانج لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکە، لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعشە لەناوچەکەداو رێگرتنە لە جموجۆڵەکانیان لەسەر سنووری ھاوبەشی نێوان عێراق و سوریا. باس لەوەشکراوە: ئۆپراسیۆنە ئەمنیی و سەربازییەکە، بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
کۆتایی مانگی ئاداری رابردوش، ھێزەکانی ئاسایش کە لەلایەن ھەسەدە پشتیوانی دەکرێت، ھەڵمەتێکی ئەمنییان لە کامپی ھۆل لە باکووری سوریا، ئەنجامداو بەدەیان تیرۆریستی داعشیان لەناوچەکەدا، دەستگیر کردبوو.
بەرەبەیانی ئەمرۆ، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل دەرگای خۆرئاوای مزگەوتی ئەقسایان لە قودس بە ڕووی نوێژخوێناندا داخست، لە نێو گۆڕەپانەکانی مزگەوتەکە، پێکدادانی توند لە نێوان ھاوڵاتیانی فەڵەستین و سەربازانی سوپای ئیسرائیل ڕوویدا.
سوپای ئیسرائیل بە گازی فرمێسکرێژ و فیشەکی دەنگی، ھەوڵیاندەدا بڵاوە بە نوێژخوێنان بکەن، بەوھۆیەوە نزیکەی ٥٠ فەڵەستینی برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەکان کران.
پێکدادانەکانی مزگەوتی ئەقسا کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەوپێیەی مزگەوتی ئەقسا یەکێکە لە شوێنە ئاینیە پیرۆزەکانی موسڵمانان، لە چەندین وڵاتی ئیسلامی خۆپیشاندانی پشتیووانی لە فەڵەستین بەرێوەچوو.
ھەفتەی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش ھەردوو بیرە نەوتی ژمارە ١٧٧ و ١٨٣یان لەناوچەی بایی حەسەن لەسنوری قەزای دووبز تەقاندەوە و بەوھۆیەوە ئاگرێکی بەھێز لە بیرە نەوتەکە کەوتەوە و ئاگرەکە زیانی نزیکەی ٥ ھەزار بەرمیل نەوت لێکەوتەوە .
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٨٢٩ کەسی تر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٠ توشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ھەزار و ١٤٢ توشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.