دەزگای ئاسایشی هەرێم هۆكاری گۆڕانكاری لە شوێنی بەشێك لە بازگەكان ئاشكرادەكات
ئوسامە ئەبوبەکر
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
سەرچاوەیەکی تایبەت لە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، "ئەو گۆڕانکاریانەی لە ماوەی رابردوودا لە شوێنی ژمارەیەک لە بازگەکانی ئیدارەی گەرمیان کراوە بەپێی پلانێکی وردی تۆکمە بووە و زۆربەی ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، کە پێویستیان بە گۆڕانکارییە".
سەرچاوەیەکی تایبەت لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو گۆڕانکاریانەی لە ماوەی رابردوودا لە شوێنی ژمارەیەک لە بازگەکانی ئیدارەی گەرمیان کراوە لە دەرئەنجامی پلانێکی وردی تۆکمە و بەرنامەبۆدارێژراوی ئەمنیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تەنها ئیدارەی گەرمیان ناگرێتەوە، بەڵکو زۆربەی ئەو شوێنانە دەگرێتەوە، کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە لەوانە بازگەی ئێستای عەربەت لە شوێنی ئێستای نامێنێت و دەگوازرێتەوە بۆ پشتی شەقامی 100 مەتری لەسەر هەمان رێگەی سەرەکی.
هەروەها بازنەی بانی مەقان دەگوازرێتەوە بۆ قەرەهەنجیر، کە ئامانج لەم گۆڕانکاریانە رێکخستنەوەی زیاتری بازگەکان و کارئاسانییە بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی زیاتری ئاسایش و ئارامی هەرێمی کوردستانە و بەهۆی فراونبوونی سنوری جوگرافیای شارەکان و رێگە سەرەکییەکان واپێویست دەکات گۆرانکاری لە شوێنی هەندێک لە بازگەکاندا بکرێت.
سەرچاوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: دەزگاکەیان ئارامی و پاراستنی بست بەبستی خاکی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بە ئامانەتێکی گەورەی سەرشانیان دەزانن و سازش لەسەر بستێکی خاکی هەرێم ناکات، وەک هەمیشە بەو پەڕی هێزو توانایانەوە لە ئەرکدا دەبن بۆ پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتیان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان.



