دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم" رایگەیاند، ئەگەری زۆر هەیە دوای هەڵبژاردنە بەراییەکان بگەڕێنەوە بۆ بۆردومانکردنی چڕی ئێران، ئەگەر تاران نەێتە ژێر باری رێککەوتنێک کە واشنتۆن رازی بکات.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە دوایین پێشنیازی ئێران لە ئاستی پێویستدا نەبووە و لە سێبەری رەفتارەکانی ئێستای تاراندا ئاشتی بەدی ناهێنرێت. وتیشی: لە سەرەتادا دەمویست جەنگی ئێران کورتخایەن بێت، بەڵام ئێستا ئەرکەکە تا کۆتایی بەردەوام دەکەم و وێرانکردنی ئێران کارێکی ڕێپێدراوە.

سەرۆکی ئەمریکا دانینا بەوەی کە کەمییەکی کەم لە کۆگاکانی هەندێک جۆری تەقەمەنیدا هەیە، بەڵام جەختی کردەوە تێچووی تەقەمەنییەکانی جەنگی ئێران زۆر کەمترە لەو داهاتەی لە ماوەی یەک مانگدا لە نەوتی ڤەنزوێلاوە دەستیان دەکەوێت.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا ترەمپ رایگەیاند، ئێران بۆ ماوەیەکی کورت گەروی هورمزی داخست، بەڵام ئێستا کۆنتڕۆڵەکە لە دەستی هێزەکانی ئەمریکادایە، هەروەها بەم زووانەش یەدەگی ستراتیژیی نەوت دەگەڕێننەوە بۆ ئاستەکانی پێشووی.

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە پشتیوانیکردنی بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ رایگەیاند کە ئیتر خۆی تێکەڵی سیاسەتی ناوخۆیی ئیسرائیل ناکات.