ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئێران ئامادەکاری بۆ وەڵامدانەوەیەکی بەهێز دەکات و بنکەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکاتە ئامانج.
ئاژانسی هەواڵی "رویتهرز" لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاویکردەوە، ئێران خۆی بۆ وەڵامدانەوەیەکی فراوانتر و بەهێزتر ئامادە دەکات لە هەڵگەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییە بەرفراوانەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدایە تاران هاوتەریب بەردەوامە لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی، کە لێپرسراوانی ئێرانی لە پشت پەردەوە سەرکەوتنی بە دوور دەزانن.
ئەم ئامادەکارییانە ئاماژەن بۆ بڕوابوونی سەرکردایەتیی ئێران بەوەی جوڵەیەکی سەربازیی نوێی ئەمریکا دەبێت بە وەڵامێکی زۆر توندتر لە پێشوو وەڵام بدرێتەوە، تەنانەت لەگەڵ هەوڵەکانی تاران بۆ رێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە رێگەی دانوستانەوە. لەو ئاراستەیەشدا لێپرسراوانی باڵای ئێران سەرقاڵی پێداچوونەوەن بە پلانەکاندا بۆ فراوانکردنی بازنەی ئامانجەکانیان بۆ دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
رۆیتەرز رایگەیاندووە، لە دوای گەڕانەوەی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە نیویۆرک، سەرکردە و لێپرسراوە باڵاکانی تاران سەرنجیان خستووەتە سەر دیاریکردنی ئاست و کاتی وەڵامدانەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی دیکە لەلایەن واشنتنەوە، ئەگەرچی بڕیاری کۆتایی نەدراوە، بەڵام پرۆسەی داڕشتنی پلانەکان خێراتر بوون، لە کاتێکدا هیچ لایەنێکیان ئاماژەیەک بۆ سازشکردن پیشان نادەن.
ئەم ئامادەکارییانە دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر دەستپێکی ململانێکان و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوودا دێن، ئەگەرچی رێککەوتنی ئاگربەست لە 8ـی نیساندا هێرشە سەربازییە گەورەکانی راگرت و کۆتایی بە قۆناغێکی 40 رۆژەی جەنگ هێنا، بەڵام لەو کاتەوە بەردەوام پێکدادان و جوڵەی سەربازی لە نێوان هەردوو لادا نوێ دەبێتەوە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، تاران دەیەوێت بە پەرەپێدانی ئاستی گرژییەکان هاوسەنگیی هێز بگەڕێنێتەوە، لە لایەکی تریشەوە، تاران چاوی لەسەر مەترسییە سیاسییەکانی سەر دۆناڵد ترەمپە لە ئەگەری درێژەکێشانی جەنگەکەدا، بە تایبەت کە راپرسییەکان دەریانخستووە شەرەکە لە ناوخۆی ئەمریکادا بەناوبانگ نییە و بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنیش نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە.
لە چوارچێوەی هەمان ئامادەکارییەکاندا، تاران رێنمایی داوەتە گروپە هاوپەیمانەکانی لە لوبنان، یەمەن و عیراق بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ پاڵپشتیکردنی ئێران، بە شێوازێک کە وەڵامدانەوەیەکی هاوئاهەنگکراو لە گەروی هورمزەوە تا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز ئەوەشی خستەڕوو، سەرەڕای ئامادەکارییەکان بۆ جەنگێکی بەرفراوانتر، تاران کەناڵەکانی دانوستانی دانەخستووە، لە میانی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران رێگەی نێوەندگیرە قەتەرییەکانەوە پێشنیازێکی دایە واشنتۆن کە بەپێی ئەوە دەستبەجێ گەروی هورمز دەکرایەوە و شەڕ رادەگیرا، لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان، ئازادکردنی 12 ملیار دۆلاری دەستبەسەرداگیراو و بەخشین لە سزاکانی نەوت.
لە بەرانبەردا ترەمپ رەتکردنەوەی پێشنیازەکەی راگەیاند، بەڵام تاران رایگەیاندووە وەڵامێکی نوێی ئەمریکایان لە رێگەی قەتەرەوە بەدەستگەیشتووە و پێداچوونەوەی بۆ دەکەن، بەپێی سەرچاوەکان واشنتۆن دەیەوێت پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەش بێنێتە ناو دانوستانەکان، بەڵام ئێران جەخت دەکاتەوە تا مەرجەکانی جێبەجێ نەکرێن هیچ دانوستانێکی ئەتۆمی دەست پێناکات.