پۆلیسی سلێمانی: بە تۆمەتی بردنی پێنج دەفتەر دۆلار تۆمەتبارێکمان دەستگیرکرد
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی پێنج دەفتەر دۆلاری لە هاووڵاتییەک بردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، روداوەکە دوای ئەوە هاتووە، کە هاووڵاتییەک لە دەستشۆر و شوێنی نوێژی یەکێک لە مزگەوتەکانی ناوبازاڕی سلێمانی بڕی (پێنج دەفتەر دۆلار)ـی بیرچووە و بەجێی هێشتووە، بەڵام دوای گەڕانەوەی بۆ شوێنەکە پارەکەی دیارنەماوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئاگادارکردنەوەی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ناوبازاڕ، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکرد و بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری و بە بڕیاری دادوەر، توانرا تۆمەتبارێک دەستگیر بکرێت و بڕی 40 هەزار دۆلار (چوار دەفتەر دۆلار) لە پارەکە بدۆزرێتەوە و بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکەی.
پۆلیسی سلێمانی ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی (ماددەی 446) لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامن.



