ئەمریکا پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیرانی عیراق دووپات دەکاتەوە
سەوسەن سەید
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کردەوە بۆ چەسپاندنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتەکە.
تۆمی بیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی لە عیراق تا 30ی ئەیلوول بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد، ئەوەش بە تەواوی لەگەڵ ئەو خشتە زەمەنییەدا دەگونجێت کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عیراق لەسەری رێککەوتبووین.
بیگۆت رونیشی کردەوە کە ئەم کشانەوەیە: نیشانەی گەشەکردن و بەرزبوونەوەی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عیراق و هێزەکانی پێشمەرگەیە لە هەرێمی کوردستان، هەروەها نوێنەرایەتی کردنی پەڕەیەکی نوێ و گرنگ دەکات لە رێڕەوی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عیراق و ئەمریکا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بونیادنانی هاوبەشییەکی ئەمنی و ئابووریی بەهێز و تۆکمە لەگەڵ حکومەتی عیراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ناوبراو هەروەها پاڵپشتیی تەواوی ئەمریکای دووپاتکردەوە بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بە مەبەستی چەسپاندن و پەیڕەوکردنی سەروەریی عیراق، لە کاتێکدا عیراق بە سەرکردایەتی خۆی و لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی تەواو لەگەڵ ئەمریکا، بە هەنگاوی جێگیر بەرەو قۆناغ و رێڕەوێکی نوێ هەنگاو دەنێت.



