دەزگای دژە تیرۆری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پێکهێنانی دوو کۆمسیۆن و لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ بەدواداچوونی روداوەکەی کەرکوک راگەیاند کە بووە هۆی شەهیدبوونی دوو گەنجی شارەکە.

لە راگەیەندراوێکدا، دەزگاکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەرسیۆنەکە لە چوارچێوەی ئەرکی نیشتمانییان بووە بۆ راوەدوونانی تیرۆریستان.

رونیشیکردەوە: هێزەکانیان بەدواداچوونیان بۆ دوو چەکداری تیرۆریست کردووە لە گەڕەکێکی قەرەباڵغدا کە یەکێکیان کەمەرپشتی بۆمبڕێژکراوی بەستبوو و ئەوی دیکەیان چەکدار بوو، بە مەبەستی ئەنجامدانی پەلامارێک لە ناوچەکەدا.

بەپێی راگەیەندراوەکە: لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکەدا رووبەڕووبوونەوە روویداوە و بەهۆیەوە تیرۆریستێک کوژراوە و ئەوی تریان دەستگیرکراوە، بەڵام لە ئاکامی تەقەکاندا دوو هاووڵاتی مەدەنی شەهید بوون و چوار کارمەندی دژە تیرۆریش بریندار بوون.

دەزگای دژە تیرۆر ئاشکرای کرد: بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش پێكهێنراوە، هاوکات سەرۆکی دەزگاکەش فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەک کردووە بۆ بەدواداچوونی راستییەکان و دیاریکردنی کەمتەرخەمەکان.

لە کۆتاییدا دەزگاکە وێڕای دەربڕینی هاوخەمی قووڵی خۆی بۆ خێزانی شەهیدان و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ برینداران، جەختی کردەوە کە پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لە پێشینەی ئەرکەکانیاندایە و بەتەواوی پابەندی بەدیهێنانی سەروەریی یاسان.