سەعد مەعن: پێویستمان بە چەکداری دەرەوەی دەوڵەت نییە
سەوسەن سەید
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی رایگەیاند، رادەستکردنەوەی سەربازگەی زێلیکان بە حکومەتی فیدراڵی هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی وڵات و سەپاندنی دەسەڵاتی یاسا.
سەعد مەعن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی واع ئاماژەی بەوە کرد: رێککەوتنی عیراق و تورکیا بۆ رادەستکردنەوەی سەربازگەی (زێلیکان) بە شێوەیەکی پلەبەند، پرسی بوونی سەربازیی تورکیای لە کێشەوە گۆڕی بۆ چارەسەری ئاسایشی لە رێگەی دانوستانەوە.
ئەوەشی روونکردەوە: ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی لە پارێزگای نەینەوا و شەنگال و کۆتاییهێنان بە بوونی چەکدارە بیانییەکان، هاوكات جەختیشی کردەوە: هێزە ئەمنییەکان توانای پاراستنی خاکی عیراقیان هەیە و هیچ پێویستییەک بە بوونی گرووپی چەکدار لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نییە.


