سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، سوپای وڵاتەکەی لە هێرشێکی نوێ و سنورداردا بنکەیەکی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان لە ناوچەیەکی ستراتیژیی باشوری ئەو وڵاتە تێکشکاندووە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی دوێنێ هێرشێکی نوێ و سنورداری کردووەتە سەر ئامانجێک لە ناوخۆی ئێران و سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.

هێرشەکە لە کاتەکانی بەرەبەیانی رۆژی شەممە ئەنجامدراوە، لە کاتێکدا ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ویلایەتی فلۆریدا، هێرشەکەی بە "سنوردار" وەسف کرد.

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێرانییەکان بنکەیەکی بچوکی بەرگریی ئاسمانییان دروستکردبوو، بەڵام لە ماوەی پێنج بۆ 15 خولەکدا بە تەواوەتی تێکمانشکاند."

لە لایەکی ترەوە، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی دوو تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەی 'سوزا' لە دورگەی قشم لە باشوری ئێران بیستراوە، کە دەڕوانێتە سەر دەریای هورمز، بەپێی زانیارییەکان، ئامانجەکانی سوپای ئەمریکا لە دورگەکانی قشم لەگەڵ ناوچەی بەندەر عەباس لەسەر وشکانی بوون.