سوپای پاسداران: بەرهەمهێنانی موشەک و درۆن بەردەوامە
محەمەد رزگار
٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦
لە وەڵامی هێرش و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەدا، وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران جەختدەکاتەوە، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی موشەک و درۆن بەردەوامە.
حسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: "موشەکەکانمان توانیویانە بە تەواوی بەربەستی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئەو شوێنانە تێپەرێنن کە کردوومانەتە ئامانج."
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرهەمهێنانی موشەک و درۆن لە ئێران لە گەشەکردندایە و دەبێت جیهان دان بەو هێز و توانایەدا بنێت.
وتەبێژی سوپای پاسداران جەختی لەوەش کردەوە، ئێران لە بەرانبەر سەرجەم هێرش و دەستدرێژییەکاندا خۆڕاگر بووە، ئاشکرایکرد، لە دوو هەفتەی رابردوودا توانیویانە کۆنتڕۆڵی حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بکەن.
حسێن موحیبی هۆشدارییەکی توندیدا و رایگەیاند: "لە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی نوێدا، زەوی لەژێر پێی دوژمناندا دەلەرزێنین." هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی ئەمریکا چاوی لە شێوازی درۆنە ئێرانییەکان کردووە، بەڵگەیە لەسەر پێشکەوتن و باڵادەستیی ناوخۆیی پیشەسازییە بەرگرییەکانیان.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، راشیگەیاند، موشەکە ئێرانییەکان بێتوانایی سیستمەکانی پاتریۆت و تادی ئەمریکیان پیشانداوە، هەروەها هێزی ئاسمانیی سوپای پاسداران توانیویەتی سیستمێکی بەرگری و بەربەستکاریی کاریگەر دژی هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتەکە دابمەزرێنێت.


