وەزارەتی نەوت: پلانی نوێیمان دروستکردنی هێڵی بۆڕی نەوتی (بەسرە - کەرکووک - جێهان) ه
سەوسەن سەید
٢ی ئابی ٢٠٢٦
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، رێککەوتنێکی کاتیی یەک ساڵەیان لەگەڵ تورکیا ئیمزا کردووە بەمەبەستی زامنکردنی هەناردەکردنی 750 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی بەندەری جێهانەوە، کە توانای زیادکردنیشی هەیە.
سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەت روونی کردەوە کە کارکردن بەردەوامە بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی پڕۆژەی هێڵی بۆڕی (بەسرە – حەدیثە – کەرکووک – جێهان) و رێڕەوی دیکە بەرەو بەندەرەکانی بانیاس و عەقەبە، بەئامانجی هەمەجۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن.
لەلایەکی ترەوە، ئاماژەی بە هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان عیراق، ئەمریکا و سوریا کرد بۆ دروستکردنی هێڵی (حەدیثە – بانیاس)، و جەختیشی کردەوە کە زیادبوونی بڕی هەناردەکردن بەندە بە باشتربوونی باری ئاسایش و گەڕانەوەی تەواوەتیی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان.


