کەشناسیی سلێمانی: بەرزترین پلەی گەرما لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا 44.5 پلەی سیلیزی بووە
دیلان
١ی ئابی ٢٠٢٦
کەشناسیی سلێمانی ئاماری پلەکانی گەرمای مانگی تەمموزی بڵاوکردەوە و بەپێی داتاکانیش، تێکڕای پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، نزمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی سلێمانی بڵاویکردەوە، لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو گەیشتووەتە 44.5 پلەی سیلیزی، لە بەرانبەردا نزمترین پلەی گەرمی 23.6 پلە بووە.
ئاماژەی بەوەشداوە، تێکڕای پلەی گەرمی مانگی تەمموز 33.7 پلەی سیلیزی بووە، بەوەش بەراورد بە تێکڕای ساڵانەی هەمان مانگ، 0.4 پلە نزمتر بووە.


