هۆشداریی دەدرێت لە هاتنی شەپۆلێكی نوێی گەرما و پێشبینیش دەكرێت لە پێنج پارێزگا پلەی گەرما 50 پلە تێبپەڕێنێت لەگەڵ خۆڵبارینێكی كەم.

دەستەی كەشناسی عیراق رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەكانیان لە رۆژی یەكشەممەوە شەپۆلێكی نوێی گەرما دەستپێدەكات و پلەكانی گەرما لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عیراق، بەتایبەتیش لە واست، موسەنا، میسان، زیقار و بەسرە 50 پلە تێدەپەڕێنێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، كاریگەریی شەپۆلەكە لەسەر پارێزگاكانی عیراق لانیكەم چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، بەڵام كاریگەرییەكەی لەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كەمتر دەبێت و لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە بەرزترین پلەی گەرما لە 43 پلە تێپەڕ ناكات.

دەستەی كەشناسی عیراق باسی لەوەشكردووە، خێرایی با لە چەند رۆژی داهاتوودا بەگشتی مامناوەند دەبێت، بەڵام ناوبەناو چالاك دەبێت و دەگاتە 40 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، ئەوەش دەبێتە هۆی خۆڵبارینێكی كەم لە هەندێك ناوچەی باكوری رۆژئاوای عیراق و بە هۆیەوە مەودای بینین بۆ پێنج كیلۆمەتر كەمدەبێتەوە.