ژمارەی قوربانییانی ئەو کۆچبەرانەی بەکۆمەڵ هەوڵی بەزاندنی سنوورەکانیان دا بەرەو ناوچەی "سەبتە"ی ئیسپانیا، بەردەوام لە هەڵکشاندایە و هێزە ئەمنییەکان لەگەڕان بەدوای تەرمی قوربانییاندا بەردەوامن.

بەپێی راپۆرتێکی رادیۆی "کادینا سەر"ی ئیسپانی، تا ئێستا بەلایەنی کەمەوە 61 کۆچبەر لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پەڕینەوە لە مەغریبەوە بۆ ناو سەبتە گیانیان لەدەستداوە.

هێزە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە کە پرۆسەی دۆزینەوەی تەرم لەسەر کەناراوەکانی "تاراحال" لە نزیک سنوورەکە بەردەوامە، بەوەش پێشبینی دەکرێت ئاماری گیانلەدەستدان زیاتریش بێت.

لە لایەکی ترەوە، "خوان خیسۆس ڤیفاس" سەرۆکی شارەوانیی سەبتە رایگەیاند کە تەنها لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا، نزیکەی 60 هەزار کەس بە شێوازێکی بێپێشینە لە خاکی مەغریبەوە چوونەتە ناو ناوچەکەوە.

هاوکات، کەناڵی ئاسمانیی (RTVE) لەسەر زاری وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیایەوە بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی رێکارە ئەمنییەکان و ئۆپراسیۆنەکانی گەڕاندنەوەدا، تا ئێستا زیاتر لە 48 هەزار و 300 کۆچبەر رەوانەی خاکی مەغریب کراونەتەوە.