لقی هەولێری سەندیکای کرێکاران لە راگەیەندراوێکدا، هۆشداریی داوەتە سەرجەم خاوەنکار، کۆمپانیا و بەرپرسانی شوێنی کار، کە بەهۆی روبەڕووبوونەوەی ناوچەکە لەگەڵ شەپۆلێکی گەرمای بەرزدا، رێکاری پێویست بۆ پاراستنی گیان و تەندروستیی کرێکاران بگرنە بەر.

سەندیکاکە داوای کردووە کاتەکانی کارکردن بگوازرێنەوە بۆ سەعاتە فێنکەکانی بەیانیانی زوو یان درەنگانی ئێوارە و کارکردن لە ناوەڕاستی رۆژدا رابگیرێت.

هاوكات جەختی لەسەر دابینکردنی شوێنی سێبەر، ئاوی سارد، ئامێری فێنککەرەوە و پێدانی پشووی پێویست کردووەتەوە.

سەندیکای کرێکاران ئاماژەی بەوەش داوە، کە پاراستنی سەلامەتیی چینی کرێکاران بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی هاوبەشە و پێویستە هەموو لایەک پابەندی بن.

 

دەقی راگەیەندراوەکەی لقی سەندیکای کرێکارانی هەولێر

ڕاگەیەندراوێک لە لقی هەولێری سەندیکاکانی کرێکارانەوە
بۆ/ سەرجەم خاوەنکاران، کۆمپانیاکان، و خاوەن شوێنکارەکان
بابەت: ڕەچاوکردنی سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران لە شەپۆلی گەرمادا
ئاگاداری سەرجەم خاوەنکار، کۆمپانیا و بەرپرسانی شوێنی کار دەکەینەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەرزەی ڕووی لە ناوچەکەمان کردووە، داواکارین بە تەواوی مافی سەلامەتی و ماندووبوونی کرێکاران لەبەرچاو بگرن و ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی گیان و تەندروستییان.
داواکارین بەم هەنگاوانە هاوکاری و پشتیوانی کرێکارانتان بکەن:
جێگۆڕکێی کاتەکانی کارکردن: گواستنەوەی کاتەکانی کار بۆ سەعاتە فێنکەکانی بەیانیانی زوو یان درەنگانی ئێوارە، و ڕاگرتنی کار لە سەعاتە هەرە گەرمەکانی ناوەڕاستی ڕۆژدا.
دابینکردنی هۆکاری فێنککەرەوە: دابینکردنی شوێنی سێبەر، ئاوی ساردی خواردنەوە، و ئامێری فێنککەرەوە لە شوێنەکانی کاردا.
ڕەچاوکردنی توانای جەستەیی: پێدانی پشووی پێویست بە کرێکاران لە کاتی کارکردندا بۆ ڕێگری لە  تێکچوونی تەندروستییان.
سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی هاوبەشە. هیوادارین هەموو لایەک پابەندی ئەم ڕێنماییانە بن لەپێناو پاراستنی ژیانی چینی ماندوونه‌ناسی کرێکاران.
ڕاگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکاکانی کرێکاران
مێژوو: ٣١ی تەممووزی ٢٠٢٦