پۆلیسی ئیسپانیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا شەپۆلێکی گەورەی کۆچبەری نایاسایی لە مەغریبەوە روی لە شاری سیوتا کردووە و دەیان هەزار کەس خۆیان گەیاندووەتە خاکی ئیسپانیا، هاوکات دەیان کۆچبەریش لەو رێگە مەترسیدارەدا گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی تریشیان گەڕێندراونەتەوە.

بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، کە پۆلیسی ئیسپانیا بە ئاژانسی هەواڵی ئەی ئێف پی راگەیاندووە، لە ماوەی 24 سەعاتدا زیاتر لە 49 هەزار کەس بە نایاسایی لە مەغریبەوە پەڕینەتەوە، هەرچەندە دیاریکردنی ئاماری ورد لە ئێستادا زۆر قورسە.

سەرچاوەیەکی حکومی لە ئیسپانیا ئاشکرای کردووە، کە لانیکەم 27 کەس لە هەوڵی گەیشتن بە خاکی ئیسپانیا لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

کۆچبەران تەنها لە رۆژدا نەهاتوون، بەڵکو بە درێژایی شەوی رابردوو بە لێشاو لە مەغریبەوە خۆیان گەیاندووەتە شارەکە و شەپۆلی هاتنیان تا بەرەبەیانی رۆژی هەینی بەردەوام بووە و وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیاش رایگەیاندوە،  زیاتر لە 25 هەزار کۆچبەر گەڕێنراوەتەوە بۆ مەغریب.