سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی لەسەر رەوشی گەروی هورمز بڵاوکردەوە  و دەڵێت؛ گەروەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندایە  و دوو کەشتیشیان کردوەتە ئامانج.

وەک لەراگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە؛ هێزە دەریاییەکانیان دوو کەشتیی نەوتهەڵگریان کردووەتە ئامانج و رایانگرتوون، کەشتیەکان سەرەڕای ئاگادارکردنەوەیان ویستوویانە لە رێڕەوێکی نایاسایی لە تەنگەی هورمز تێپەڕبن.

سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، کە دوو کەشتییە سەرپێچیکارەکە لە سەعاتەکانی سەرەتای بەرەبەیاندا بە هاندانی فەرماندەیی ناوەندیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و بە بەکارهێنانی رێڕەوێکی رانەگەیەندراو ویستوویانە تێپەڕبن، بەڵام بێسوود بووە و کراونەتە ئامانج.

سوپای پاسداران دەشڵێت؛ گەروەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندایە و چوار کەشتیی نەوتهەڵگری تریش رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و گەڕاونەتەوە، دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی  راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران تاوەکو ئێستاش "کۆنتڕۆڵی تەواوەتییان بەسەر تەنگەی هورمزدا" هەیە و بەردەوامن لە چاودێریکردنی ئەو رێڕوە ستراتیژییە.